سعوودیە لە وەبەرهێنان لەکەرتی کشتوکاڵی عێراق پاشگەز دەبێتەوە

وەزیری كشتوكاڵی عێراق روونكردنەوە دەدات

K24 - ھەولێر

وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکانی سعوودیە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی عێراق ئەنجام نادەن و لە بڕیارەکانیان پاشگەز بوونەتەوە.

محەمەد ئەل خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکانی سعوودیە بەنیاز بوون وەبەرهێنان لە سامانی ئاژەڵیدا بکەنەوە و لەسەر رووبەڕی 10 بۆ 50 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگاکانی موسەننا و ئەنبار و نەجەف، لەوەڕگەی مانگا دابمەزرێنن، بەڵام دوای ئەوەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان رایگەیاند، کە ناتوانن بە بەردەوامی بۆ ماوەی نیو سەدە ئاو بۆ کۆمپانیا سعوودییەکان دابین بکەن، لە وەڵامدا کۆمپانیا سعوودییەکان بە داوای لێبوردنەوە لە ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان کشاونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رووباری دیجلە و فورات بەو سێ پارێزگایەی عێراقدا تێدەپەڕن و وەزارەتی سەرچاوەی ئاوییەکان پێی راگەیاندوون، بە داوای لێبوردنەوە ناتوانن بۆ ماوەی 50 ساڵ خزمەتگوزاری ئاو بۆ ئەو کۆمپانیا سعوودیانە دابین بکەن.