به‌ڤیدیۆ .. ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی ئاگاداری جانتاكه‌ی بێت چووه ناو ئامێرێكی زۆر مه‌ترسیداره‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئافره‌تێكی چینی له یه‌كێك له وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی چاوی له‌سه‌ر جانتاكه‌ی بێت، ده‌چێته ناو ئامێری تیشكی سینی، كه تایبه‌ته به پشكنینی جانتای گه‌شتیاران.
ئه‌و گرته ڤیدیۆیه له سه‌ر ئاستێكی فراوان له میدیاییه‌كانی چین بڵاوبووه‌ته‌وه، له دیمه‌نه‌كاندا ئافره‌تێك نیشان ده‌درێت، كه ژماره‌یه‌ك جانتا و كیسه‌ی كه‌ل و په‌لی پێیه و، بۆئه‌وه‌ی ئاگاداری كه‌ل و په‌له‌كان و جانتاكه‌ی بێت، خۆشی ده‌چێته ناو ئامێری تیشكه‌كه، كه مه‌ترسی بۆ سه‌ر پێست و ته‌ندروستی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌یه.
ئه‌و رووداوه نامۆیه كه بووه‌ته جێگای سه‌رنجی خه‌ڵكێكی زۆر، له یه‌كێك له وێستگه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له كه‌رتی دۆنگ گوانگی چینی روویداوه و، ئافره‌ته‌كه له‌ترسی ونبوونی جانتاكه‌ی ژیانی خۆی ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ساوس چاین مۆرنینگ پۆست"، به‌رپرسانی وێستگه‌كه هه‌وڵی زۆریان داوه ئافره‌ته‌كه رازی بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی نه‌چێته ناو ئامێره‌كه‌وه و، له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و تیشكه ئاگاداریان كردۆته‌وه كه له ئامێره‌كه‌وه ده‌رده‌چن، به‌ڵام ئافره‌ته‌كه گوێی پێنه‌داوه و ئه‌و كاره‌ی كردووه كه خۆی باوه‌ڕی پێبووه.
له ماوه‌ی پشووی سه‌ری ساڵی چینی‌دا، زۆر رووداوی نامۆ له‌كاتی گه‌شته‌كردن و سه‌ردانی هاووڵاتیان بۆ لای كه‌س و كاره‌كانیان له شوێنه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌یان روو ده‌ده‌ن.
تیشكی سینی به تیشكی ئێكس "X" ناسراوه و له زۆر بواری جیاوازدا به‌كار ده‌هێندرێت، به‌تایبه‌ت بواری پزیشكی. تیشكێكی كارۆموگناتیسییه و درێژی شه‌پۆله‌كانی له‌نێوان "10 بۆ 0.01" نانۆمه‌تره، وزه‌ی تیشكه‌كه له‌نێوان 120 بۆ 120 هه‌زار ئه‌لیكترۆن ڤۆڵته. به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له بواره ته‌كنیكی و زانستییه‌كاندا به‌كار ده‌هێندرێت.