بزنێک دەبێتە ئەستێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
K24 – ههولێر:
بزنێک لە وڵاتی چین، بووەتە جێی باسی بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و رەفتارەکانی بوونەتە هۆی ئەوەی خاوەنەکەی نەیفرۆشێت و بیهێڵێتەوە.
لی فو، شوانێک لە گوندی داتۆنگی هەرێمی شانکسی لە چین، خاوەنی 100 بزنە، بەڵام یەکێک لە بزنەکانی بووەتە بزنێکی ناسراو و لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین، خاوەنی 300 هەزار هەوادارە.
بە گووتەی شوانەکە، بزنەکە هەرکاتێک بزانێت لی فو نان دەخوات، لە هەر جێیەک بێت دەچێت بۆی و خواردنەکەی دەخوات.
لی بە رۆژنامەی دەیلی مەیلی گوتووە: "ئەوە جێگای سەرسوڕمان نییە کە بزن هەموو شتێک دەخوات، بەڵام ئەم بزنە، گەدەی هەموو شتێک دەگرێت و هیوایەتی خواردنی مرۆڤە".
خۆشترین خواردن لای بزنەکە کەباب، نوودڵس، مریشکی برژاو و شووتییە.
لی گلەییەکانی لە بزنە برسییەکەی ناشارێتەوە و دەڵێت: "هەرگیز ناهێڵێت بە ئاسوودەیی هیچ بخۆم، خێرا دێت بۆم و وەک دزێک پڕ دەداتە خواردنەکەم".
شوانەکە بڕیاریداوە بزنەکە نەفرۆشێت و وەک ئاژەڵێکی ماڵی لەگەڵ خۆی بیهێڵێتەوە چونکە ئێستا بزنەکەی ناودارترین بزنی چین و رەنگە دونیاش بێت.
H.J