پارتی و یه‌كێتی رێككەوتنی كۆتایی راده‌گه‌یه‌نن

گوتەبێژی پارتی: ویستمان بە رازی بوون و پێكەوەبوون كار بكرێت

K24 - ھەولێر

مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان، به‌ میدیای فه‌رمیی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو پارتی و یەكێتی كۆببنه‌وه‌ و رێككەوتنی كۆتایی نێوانیشیان رابگەیەندرێت. گوتەبێژی پارتی، دەشڵێت، "پێشتر‌ لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی سیاسیمان كردووە،‌ ئەو رێككەوتنەی ئێستاش دەكرێت، رێككەوتنە لەسەر پۆستەكان".

مەحموود محەممەد، تیشكیشی خستە سەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، كە لەسەر جێگری سەرۆكی هەرێم رێككەوتبوون. به‌وه‌ی ئەو پۆستە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بێت، لە دواییدا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان داوای ئەو پۆستەی كرد، كە بكرێت بە دوو جێگر، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان رازی نەبوو و داوای یەك جێگری دەكرد بۆ سەرۆكی هەرێم.

مه‌حموود محه‌ممه‌د ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو گرفتەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە‌ ویستمان بە رازی بوون و پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستەش زەمەنێكی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، هەروەها بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكاندا دروست ببێت. بۆیه‌ ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێكدەكەوین".

ھ.م