لە سعوودییە منداڵێک بە بەرچاو دایکییەوە سەردەبڕدرێت

چووە بۆ مزگەوتی پەیامبەر محەمەد و شیعە بووە

K24 – هه‌ولێر:

منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ لە سعوودییە بەهۆی شیعە بوونی لەبەرچاو دایکی بە پارچە شووشەیەک سەردەبڕدرێت.

زەکەریا ئەلجابر، قوربانییەکە، لەگەڵ دایکی بۆ عومرە چووە و سەردانی مزگەوتی پەیامبەر محەمەدی لە شاری مەدینە کردووە، لەوێ لێیان پرسیوە کە ئایا ئەو شیعەیە، ئەویش بە بەڵێ وەڵامی داوەتەوە.

بە گووتەی دایکی ئەو منداڵە، کەمێک پاش وەڵامدانەوەیان، تاکسییەک وەستاوە و چەند کەسێکی تێدابووە و منداڵەکەیان دەستگیر کردووە.

دایکی زەکەریا کە لەبەرچاوی کوڕەکەی سەربڕدراوە دەڵێت: "منداڵەکەم بە پارچە شووشەیەک و بە بەرچاو خۆمەوە سەریان بڕی، تاوانی ئەوە بوو، سەر بە لقێکی جیاوازی ئیسلام بوو".

سایتی مێترۆ، زانیاری زیاتری ئاشکرا کردووە و لە هەواڵێکیدا نووسیویەتی، دایکی منداڵەکە زۆر هەوڵی داوە منداڵە رزگار بکات، بەڵام سوودی نەبووە، لەو نزیکانەش، ئەفسەرێکی پۆلیس هەوڵی داوە یارمەتی ئەو دایک و کوڕە بدات، بەڵام رێگری لەویش کراوە.

رێکخراوی روانگەی مافەکانی شیعە کە بارەگاکەی لە واشنتنە لەو بارەیەوە دەڵێت: "بەرپرسانی سعوودییە هیچ شتێکیان بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران نەکردووە".

ئێستا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاشتاگی JusticeforZakaria بەربڵاوە و بەکاربەران داوای سزای یاسایی بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە لە پشت ئەو جۆرە تاوانەن.

ئەگەرچی ماوەی 10 رۆژە ئەو تاوانە ئەنجامدراوە، بەڵام تاکو ئێستا بەرپرسانی سعوودییە هیچیان لەو بارەیەوە نەگوتووە.

سعوودییە وڵاتێکی زۆرینە سوونییە و شیعەکانی تەنها 15%ی دانیشتوانی پێکدەهێنن، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنە لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەگرن بەوەی مافی کەمینەکانی ناپارێزێت.

زەکەریا ئەلجابر
زەکەریا ئەلجابر

سەرچاوە: Mirror و Metro

H.J