عێراق بەدوای جێگرەوەی گازی ئێراندا دەگەڕێت

ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە بە دوای جێگرەوەی دیکەدا دەگەڕێت بۆ بەرهەمهێنان کارەبا، وەک زیادکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی، چونکە ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق کەمکردووەتەوە.

ئەحمەد ئەلعەبادی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێستا ئێران نزیکەی سێ ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ عێراق هەناردە دەکات، لە کاتێکدا لەسەر هەناردەکردنی 25 ملیۆن مەتر سێجا رێککەوتوون.

هەروەها بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لەساڵی 2011، ئێران 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی رۆژانە هەناردەی عێراق دەکات، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی ئێران گازی ئێران بۆ بەکار هێنانی ناوخۆیی بەکاردەهێندرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بەگەڕخستنی وێستگەکان عێراق بە شێوەیەکی گەورە پشت بە هاوردەی گازی ئێرانی دەبەستێت.

ھ.م