ڕێباز محەممەد: جوڵەی بازرگانی لەدەروازەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم، لە ستراتیجییەتی بەردەوام بۆ پێشخستنی سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردن کاریکردووە، ئێمەش وەکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گرێبەستێکمان لەگەڵ کەرتی تایبەت کردووە، بۆ بەڕێوەبردن و چالاککردنی پڕۆسەی گواستنەوە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان.

ڕێباز محەممەد، بەرێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە ئەمڕۆ هەڵساوین بە ئەنجامدانی کۆنفرانسێک سەبارەت بەڕاگەیاندن و نمایشکردنی پڕۆسەی بەڕێوەبردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە شیوەیەکی ئەلیکترۆنی کە "جی پی ئێس و ترانزێت لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کابینەی نۆیەم، لە ستراتیجییەتی بەردەوام بۆ پێشخستنی سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردن کاریکردووە، ئێمەش وەکو وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گرێبەستێکمان لەگەڵ کەرتی تایبەت کردووە، بۆ بەڕێوەبردن و چالاککردنی پڕۆسەی گواستنەوە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێشمان وایە ئەو دەرفەتە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، دەتوانین لەو ڕێگەیەوە هەرێمی کوردستان ببەینە دۆخێکی تر.

ڕێباز محەممەد ڕاشیگەیاند، سیستەمی جوڵەی بازرگانیکردن لەهەموو وڵاتان گۆڕاوە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە هەنگاو بنێن، کە لەڕێگەی سیستەمی دیجیتاڵی و جی پی ئێس، چاودێری گشت ئەو بارانە بکەین کە دێنە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە بازرگانان بدەین و چانسی زیاتر بۆ پاراستنی بەرهەمەکان بەدیبهێنین.

دەشڵێت: لە ساڵی نەوەدەکانەوە پڕۆسەی بەترانزێتکردن وەستاوە، وە هەرێمی کوردستان لەو بابەتە چۆتە دەرەوە، ئەمەش جاری یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق ئێمە سیستەمێکی زیرەک دێنینە کایەوە بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە.