مەسرور بارزانی: رۆژانە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلار لە بەرهەمهێنانی کارەبا خەرجدەکەین

"ئێمە ژێرخانی کارەبا نوێدەکەینەوە "

K24 - هەولێر

بەهۆی زیادبوونی پێداویستییەکانی خەڵک بۆ کارەبا، خەرجیی حکومەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی ئەو پێداویستییە زیادبووە، سەرۆکی حکومەت دەڵێ "رۆژانە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلار لە بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج دەکەین".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 18-10-2020) لە رێگەی تویتێکەوە لە تویتەری فەرمیی خۆی رایگەیاند "پێویستیی بۆ کارەبا لە هەموو هەرێمی کوردستان لەزیادبووندایە، کە ئەمەش ئەرکی ئابووریی لەسەر حکومەت زیاد کردووە".

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات "ئێمە ژێرخانی کارەبا نوێدەکەینەوە و رێگەکانی بەرهەمهێنان چاکدەکەین بۆ ئەوەی خەرجیی کەمبکەینەوە، بەمەش دەتوانین خەرجی پرۆژەی دیکە زیاد بکەن لەسوودی هەموو کوردستان".

لەپێناو دابینکردنی کارەبا بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنی کار لە کوردستان، مەسرور بارزانی جەخت دەکاتەوە لەوەی "رۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار دۆلار خەرج دەکەین".

 پێشتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردبوو حکومەت وەبەرهێنان دەکات بۆ دابینکردنی وزەی پاکتر و هەرزانتر بۆ کوردستان "وزەی پاک، دەکرێت ببێتە سێکتەرێکی گەورە لە گەشەسەندنی ئابوورییەکەمان".

کوردستان رۆژانە سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، کە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئەو کارەبایە بەمشێوەیەیە:

- گازی سرووشتی: 76٪
- نەوتی رەش 13٪
- کارۆئاو 7٪
- دیزڵ 4٪

ئەو گوتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدان، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌گوێره‌ی به‌دواداچوونێكی كوردستان24 سه‌دان پڕۆژه‌ی تایبه‌ت به‌ كه‌رتی كاره‌با ئه‌نجامدراون به‌م جۆره‌:

  • هه‌ولێر: 118 پڕۆژه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ %8ـی داهاتی كاره‌با به‌ بڕی 4.5 ملیار دینار
  •  سلێمانی: 244 پڕۆژه‌ به‌ تێچووی 7.86 ملیار دینار
  •  دهۆك: 44 پڕۆژه‌ به‌ بڕی 3.58 ملیار دینار
  •  گه‌رمیان: 7 پڕۆژه‌ به‌ تێچووی 260 ملیۆن دینار

 

هـ.ر.