دوو تۆمەتبار بەھۆی كوشتنی كەسێك لە ھەولێر دەستگیر كران

.

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی پۆلیسی ھەولێر دوو كەسیان بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك لە شارۆچكەی بنەسڵاوە دەستگیر كرد.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی لە بوونی حاڵەتێكی دەمەقاڵی و شەڕەتەقە و كوژرانی هاووڵاتییەك لە شارۆچكەی بنەسڵاوە ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ تیمێكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و پاش نیو كاتژمێر دوو تۆمەتباریان بە ناوەكانی (ح.ع.ئ) و (م.س.ئ) دەستگیر كرد.

ئاماژە بەوەشكراوە، تۆمەتباران دانیان نا بە تاوانەكەیاندا، كە لەسەر كێشەیەك بەشەڕهاتوون و دواتر تەقەیان كردووە، لە كاتی تەقەكردنەكەشدا كەسێك بە ناوی (مەجید بەكر عەبدولكەریم) ویستوویەتی ناوبژیوانییان بكات، بەڵام گوللـەیەك بەر سكی كەوتووە و گیانی لەدەستداوە، بۆیە تۆمەتباران بەپێی ماددە (405) لە یاسای سزادان، بەند كراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.