ھێزەكانی ھەسەدە لە دێرەزوور دەكشێنەوە

"ھێزەكانمان دەبەینەوە بەرەی عەفرین"

K24 - ھەولێر

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرەی ھێزەكانی ھەسەدە رایدەگەیەنێت، ھێزەكانیان لە دێرەزوور دەكشێنەوە و لە سەنگەرەكانی عەفرین رووبەڕووی سوپای توركیا دەبنەوە.

لیلوا عەبدوڵڵا، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە، بە ئاژانسی ھاواری نزیك لە یەپەگەی راگەیاندووە: "بە هۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر عەفرین ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە دەوەستێنین و هێزەکانمان لە دێڕەزوور دەکشێنینەوە و رووبەڕووی سوپای توركیا دەبینەوە".

روونیكردەوە: "بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا بۆسەر عەفرین ناچارین بەشێوەی کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنە رابگرین، هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی فورات بۆ روبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا دەکشێنینەوە، وەستاندنی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین گرنگترین هۆکاری کشانەوەمانە لە رۆژهەڵاتی فورات".

لیلوا عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر عەفرین لە خزمەتی چەتەکانی داعش دایە و مانەوەیان لە سووریادا درێژتردەکاتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ 18/3/2018، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داگیركردنی عەفرین راگەیاند و گوتی" ئاڵای توركیامان لە ناوەندی عەفرین ھەڵكرد".

لە ساڵی2017، ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) بۆ رووبەڕوو بوونەوەی چەكدارانی داعش لە دێرەزوور ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە راگەیاند، وەك بەرپرسانی ئەو ھێزە دەڵێن، ئێستا بەھۆی شەڕی عەفرین بەشێوەی كاتی ئۆپەراسیۆنەكە رادەگرن.

ھ.م

لیلوا عەبدوڵڵا، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە
لیلوا عەبدوڵڵا، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە