ژووری ئۆ‌په‌راسیۆنی هه‌ولێر: تا دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت گۆڕانکاری لە رێکارەکان ناکرێت

له‌ماوه‌ی ته‌نیا هه‌فته‌یه‌كدا 250 شوێن داخراون
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر رایگه‌یاند، تا بارودۆخی تەندروستی ھەولێر بەم شێوەیە بێت رێکارەکان وەکو ئێستا بەردەوام دەبن، لای خۆیانەوە لیژنەکانی قائیمقامیەتی ھەولێر بەردەوامن لە سزادانی سەرپێچیکاران و لە ماوەی تەنیا ھەفتەیەك 250 شوێنیان داخستووە.

هێمن قادر، گوته‌بێژی ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر له‌وباره‌یه‌وه‌ دووپاتیكرده‌وه‌، رێکارەکان لە پارێزگای ھەولێر وەکو خۆی بەردەوام دەبن، ئەو شوێنانەی پێشتر داخرابوون بە داخراوی دەمێننەوە، قەدەغەی ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەش بەردەوام دەبێت، تا بارودۆخی تەندروستی رێگه‌ نەدات، ھیچ ئاسانکاریەك ناکرێت و گۆڕانکاری لە رێکارەکان ناکرێت.

هاوكات به‌ گوته‌ی نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر جه‌ختیكرده‌وه‌، لە ماوەی یەک ھەفتەدا 250 شوێن بەھۆی پابەند نەبوون بە رێکار و رێنماییەکان سزا دراون، ھەر شوێنێکیش سزادرابێت، بۆ ماوەی 10 رۆژ دادەخرێت و خاوەنەکەی سزای ماددی دەدرێت، پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی رێگری لە ھەموو بەریەککەوتن و دروستبوونی قەرەباڵغی بگیرێت.

رێژەی توشبووان رۆژ دوای رۆژ لە ھەولێر بەرزدەبێتەوە، بۆیە ژووری ئۆپەراسیۆن دەیەوێت لە گرتنەبەری رێکارە توندەکان بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بەرکەوتن و توشبوونی ھاوڵاتیان کەمبكاتەوە، چونکە ئێستا بارودۆخی تەندروستی لە ھەولێر مەترسیداره‌ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆنترۆڵ دەرچووە.

H.B