له واشنتن یادی 31 ساڵه‌ی كیمیایبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه كرایه‌وه
K24 – واشنتن:
له واشنتن رێوڕه‌سمێك بۆ 31ه‌مین ساڵیادی كیمیایبارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه به‌ڕێوه چوو. نوخشه ناسح، قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه رایگه‌یاند، له واشنتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سیناتۆر كۆبووینه‌ته‌وه و باس له هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا كرا، بۆ ئاوڕدانه‌وه له پرسه‌كانی تایبه‌ت به هه‌ڵه‌بجه.
نوخشه ناسح گوتیشی: نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێم له واشنتن ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه بۆ شاندی هه‌ڵه‌بجه رێك ده‌خات و له‌و دیدارانه‌دا داواكارین ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه بكرێت، كه چیدیكه كاره‌ساتی له‌و جۆره به‌سه‌ر كورددا دووباره نه‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها پێویستمان به بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هه‌ڵه‌بجه هه‌یه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین، هاوكاری بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
له مه‌راسیمه‌كه‌دا، به‌ركه‌وتوویه‌كی چه‌كی كیمیایی باسی له ئازار و مه‌ینه‌تیی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و ساته‌وه‌ختی كیمیایبارانكردنی هه‌ڵه‌بجه كرد. وه‌ك ئه‌وه‌ی نوخشه ناسح، قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه گوتی.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ستیڤن گیلێن، بەڕێوەبەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئۆفیسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمه‌كه، گوتی: "ئێمە وەك وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و هەروەها جیهانیش بەگشتی، لەم یادە پڕ ئازارەدا هاوخەمیی خۆمان بۆ خەڵكی هەڵەبجە و گەلی كورد ڕاده‌گه‌ینین و جارێكی تر ئیدانەی ئەم تاوانە گەورەیە دەكەین".
رۆژی 16ی ئازاری 1988، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی رژێمی به‌عس به چه‌كی كیمیایی بۆردوومانی شاری هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروبه‌ریان كرد و به‌و هۆیه‌وه، زیاتر له 5 هه‌زار هاووڵاتیی دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه و شاره‌زوور شه‌هید بوون، هه‌روه‌ها زیاتر له 10 هه‌زار هاووڵاتی دیكه بریندار بوون و هه‌زاران هاووڵاتیی دیكه‌ش ئاواره‌ی ئێران بوون.