میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا: واشنتن خزمه‌ت به‌ سیاسه‌ته‌كانی ئێران ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌

"ئه‌مه‌ریكییه‌كان نیگه‌رانن له‌ پاڵپشتیكردنی حه‌شدی شه‌عبی له‌ دژی كوردستان"
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سیاسەتمەدار و رۆشنبیرانی ئەمریکا بێدەنگی وڵاتەکەیان لەبەرامبەر رووداوەکان و پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی  بۆ هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە و داگیرکردنی شاری کەرکووک  بە خزمەتکردنی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە پێناسەدەکەن، هەروەها نیگەرانی لەبەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لە دژی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن.

هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی ئێران بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و داگیرکردنی شاری کەرکووک، نیگەرانی زۆری لەنێوخۆی ئەمریکا دروستکردووە، بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدار و رۆشنبیرانی ئەمریکاش بێدەنگی وڵاتەکەیان لەبەرامبەر رووداوەکان و پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق بە خزمەتکردنی سیاسەتەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە پێناسەدەکەن.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئه‌مریكی لە راپۆرتێکدا رەخنە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەگرێت و ئاماژە بەوەشدەدات،  سوپای عێراق بە پشتگیریی و بە چەکی ئەمریکایی هێرشیکردە سەر هێزە کوردییەکان، ئەو هێزانەی پێشتر لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش پشتیوانی ئەمریکابوون.

جاشوا ئەی گلتزەر، بەڕێوەبەری پێشووی تیرۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لەکاتێکدا  دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و ئێران بە پشتیوانی تیرۆر وەسفدەکات، پشتگیریکردنی لە هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق بۆ سەر کەرکووک  مایەی گاڵتەجاڕییە.

لەلایەکی دیکەوە، ماریا فانتاپی، چاودێری باڵا لە " گروپی عێراق، قەیرانی نێودەوڵەتی"  بە نیویۆرک تایمز  گوتووە، ئامانجی ئێران لە ناردنی میلیشیا شیعەکان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان دروستکردنی گرژییە لەنێوان ماڵی کورد و سەپاندنی دەسەڵاتییەتی بەسەر حکومەتی عێراق.

هەروەها نیویۆرک تایمز، نووسیویەتی، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە عێراقە و حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراقیش بە پشتیوانی باڵێکی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانیویانە بەبێ هیچ بەرگرییەک کۆنترۆڵی کەرکووک بکەن.

پێشتر جۆن مە‌ککین، سیناتۆری  کۆمارییەکان رەخنەی لە هێرشی حەشد و هێزەکانی عێراق بۆ سەر کەرکووک گرتبوو، جەختیشیکردبووەوە، هێزەکانی عێراق بۆ شەڕی دژ بە داعش راهێندراون، نەوەک بۆ هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە.