داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌

30 كه‌سی رفاند
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/02262944-4329-43cf-b6c4-afec6bbd5fa5/061918GJJ.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینی ناوه‌ڕاستی عێراق، 30 كەسیان لە ھۆزی شەمەر رفاند و 7 كەسیشیان له‌و ژماره‌یه‌ گوللـەبارانكرد.

عەلی نەواف حەسسان، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای دور لە پارێزگای سەڵاحەدین بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە، چەكدارانی داعش 30 كەسیان لە ھۆزی شەمەر لە پارێزگای سەڵاحەدین رفاند و 7 كەسی گوللـەبارانكردووە، ته‌رمی 7 كه‌سه‌كه‌ دۆزراونەتەوە و چارەنووسی 23 كەسەكەی دیكەش دیار نییە.

حەسسان داواشی لە حكوومەتی عێراق كرد، ھەنگاو بۆ رزگاركردنی رفێنداراوان بدات.

ماوەی چەند رۆژێكە، چەكدارانی داعش بە ناوچەكانی بیابانی رۆژئاوا و  زنجیرە چیای حەمرین و ناوچەكانی عێس لە رۆژھەڵاتی سەڵاحەدین و حەزەر و باشووری مووسڵ، دەستییان بە جموجۆڵكردووەتەوە، ھەروەھا لە ناوچەكانی سەرسار، گردەكانی رۆژئاوای بەعاج و رۆژئاوای شەرگاتیش بڵاوبوونەتەوە.

چه‌ند جارێكیشه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی عێراق، هۆشداری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌درێت به‌ هۆی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ی له‌و ناوچانه‌ درووستبووه‌.

ا. م