بەهۆی کۆرۆنا 100 وڵات داوای لێپێچینەوە لە چین دەكەن

کۆدەنگی دژی چین درووست دەبێت

K24 – هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا پێشتر لە بۆنەیەکدا بەمشێوەیە وەسفی شی جین پینگ، سەرۆکی چینی کرد و گوتی: "جەنگاوەری تەنیایە".

ئه‌گه‌رچی ئەو گوتەیەی پوتن بۆ خۆشی بوو، بەڵام پێدەچێت ببێتە راستی، بەهۆی ئەوەی ئێستا رووسیا لەگەڵ نزیکەی 100 وڵاتی دیکە داوادەکەن لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لە بارەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت.

بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەڵسەنگاندنێک لە بارەی سەرهەڵدانی کۆرۆنا، لە دوای ئەوە دێت، کە ئوسترالیا داوای کرد لێپێچینەوە لە چین بکرێت، بەهۆی چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانەکاندا.

ئەو بڕیارە بە توڕەییەوە لەلایەن بیجینگ وەڵامدرایەوە. پەکین، ئوسترالیای تۆمەتبارکرد بەوەی "هەنگاوێکی زۆر نابەرپرسانەی ناوە" و بووەتە هۆی هێواشکردنەوەی هەنگاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە.

لەکاتێکدا بڕیارە شێوازی هەڵسەنگاندنەکە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پێشکەشی ئەندامەکانی بکرێت، کە ئەمڕۆ لە جنێڤ دەستپێدەکات، ناوه‌ڕۆكی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ چین و هیچ وڵاتێکی دیکە بەدەرناخات و داوای "بێلایەنی، سەربەخۆیی و گشتگیریی هەڵسەنگاندنەکە دەکات".

وشەی "هەڵسەنگاندن" وشەیەکی لاوازە بەرامبەر به‌ "لێپێچینەوە"، کە ئوسترالیا پێشتر بەکاریهێناوە، لە بارەی رۆڵ و بەرپرسیارییەتی چین لە سه‌رهه‌ڵدانی پەتای کۆرۆنا. ئەمەش رەنگە پێویست بووبێت بۆ ئەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی واژۆی لەسەر بکەن، بەتایبەت وڵاتێکی وەکو رووسیا کە بەردەوام پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ بیجینگ هەبووە.

بیجینگ پێشتر رایگەیاندووە تەنیا پشتگیری لە لێکۆڵینەوەیەك دەکات، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بیکات، بەڵام ئەو رێکخراوە خۆیشی بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە کاریگەریی چینی بەسه‌رەوەیە، تۆمەتێک، کە بەرپرسانی رێکخراوەکە رەتیدەکەنەوە.

چەند ساڵێکە چین بە چەندین هۆکاری جیاواز لەوانە، مافی مرۆڤ و بازرگانی رووبەڕووی رەخنەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، زۆرجار رەخنەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئاراستەی دەکرێن، بەڵام وڵاتانی دیکە کە پەیوەندییان لەگەڵ چین هەیە، خۆیان لە رەخنە بە دووردەگرن بۆ پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا ڤایرۆسه‌كه‌ بووەتە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری بە جیهان، دەرگای رەخنەی بە ڕووی بیجینگدا کردووەتەوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لە چین، جگە لە زیانیکی زۆری ئابووری بە جیهان، تائێستا تووشی نزیکەی 5 ملیۆن کەس بووە و زیاتر لە 316 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

سه‌رچاوه‌: CNN