ئاگادارییه‌ك له‌ هاتووچۆی پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ بۆ شۆفێران

له‌كاتی هه‌ر رووداوێكی نەخوازراودا پەیوەندی بە ژماره‌یه‌وه‌ بكه‌ن

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکاتەوە کە تەنها لەکاتی پێویستدا ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکاته‌وه‌، بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە بەتایبەتی ناوچە شاخاوییەکان، لە ئێستادا بەهۆی کاریگەری بوومەلەرزەکەو بارینی بارانێکی زۆر لەو ناوچانە بۆتە هۆی داڕمانی بەشێک لە چیای بەرانان و شاخەکانی ناوچەی دەربەندیخان و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی کوردستان، کە بووەتە هۆی کەوتنە خوارەوەی بەردی گەورە بۆسەر شەقامەکان و دروستکردنی گرفتی هاتوچۆ بۆ شۆفێران.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم شۆفێران دەکاتەوە کە تەنها لەکاتی پێویستدا ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان بکەن، هاتوچۆی سلێمانی لەڕێگەی تیمەکانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان بۆ هاوکاریکردنی شۆفێران و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی هاتوچۆ لەو ناوچانەدا.

هاتوچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات کە لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە ژمارە 188ی کۆنترۆڵی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانییەوە بکەن.