وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا بناسە
K24- هەولێر:
ئەنتۆنی بلینکن، لە لایەن جۆ بایدن و هاریسی جێگری، کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوای کۆتایی هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
بلینکن لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما، جێگری وەزیری دەرەوە بووە و پلەیەکی بەرزی لە ریزی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا هەیە.
هەروەها پێشتر، لە کۆشکی سپی و لە وەزارەتی دەرەوەی، بەرپرسی بەشی سیاسەتی دەرەوە بووە و شارەزایی و ئەزموونی زۆری لە پەیوەندی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەیە.
رۆڵی هەبووە لە جەنگ و دروستکردنی هاوپەیمانی دژ بە داعش و کاری بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەنابەران کردووە. هەروەها بە گشتی کاری لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لە ئاسیا کردووە.
کاتێک جۆ بایدن بووە جێگری باراک ئۆباما، بلینکنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی خۆی هەڵبژارد، ئەمەش جیا لەوەی چەند پۆست و پلەی جیاوازی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەبووە.
لە مانگی 12ـی ساڵی 2016، بلینکن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا، لەگەڵ مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا کۆبووەوە و ئەوکات بەڵێنی هاوکاری زیاتری بە هەرێمی کوردستان دا و هەردوولا لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان گەلی ئەمەریکا و کورد، گفتوگۆیان کرد.
بلینکن لە ساڵی 1962 لە ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمەریکا لە دایکبووە و بەشی یاسای لە زانکۆی کۆڵۆمبیا تەواوکردووە، دایک و باوکی جوون و ماوەیەک لە فەرەنسا ژیاون.
هەروەها رۆژی 16/10/2014 له شاری دهۆك سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی له بلینكن جێگری ڕاوێژكاری ئەوکاتی ئاسایشی نهتهوهیی ئهمهریكا و شاندێكی یاوهری كرد كه له برێت مهكگۆرك یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمریكا بۆ كاروباری عێراق و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئهمهریكا له عێراق و ژمارهیهك دیپلۆمات و ڕاوێژكار پێكهاتبوون.
له دیدارهكهدا بە ئامادەبوونی مهسرور بارزانی، سهرهتا جێگری راوێژكاری ئەو کاتی ئاسایشی نهتهوهیی ئهمهریكا خۆشحاڵیی خۆی دهربڕی و سوپاسی سهرۆك بارزانی كرد بۆ ڕهخساندنی دهرفهتی ئهو دیداره و ڕایگهیاند كه سڵاوی سهرۆك باراك ئۆباما و جۆ بایدن جێگری سهرۆكی ئهمهریكای بۆ سهرۆك بارزانی و گهلی كوردستان هێناوه.
لەو دیدارە بە وردی باس لە دۆخی عێراق، جەنگی دژ بە داعش و هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمەریکا کرا. هەروەها باس لە کێشەکانی ئەو کاتی عێراق بە گەشتی کرا.