ژمارەی ئەو بەندكراوانەی تووشی كۆرۆنا بوون لە ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

.
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ھەرێمی كوردستان، ژمارەی ئەو بەندكراوانە ئاشكرا دەكات كە تووشی كۆرۆنا بوونە، راشیدەگەیەنبێت "ھیچ مەترسییەك لەسەر گیانی بەندكراوان نییە و دۆخی تەندروستیان جێگیرە".

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباش بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە چاكسازی گەورانی سلێمانی 27 بەندكراو تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، بەڵام مەترسییان لەسەر نییە و باەری تەندروستیان جێگیرە".

ئاشكراشی كرد: "پێشتر سێ كارمەندمان لە دەرەوە تووشی كۆرۆنا بوون، چونكە ئەوان بەریەك كەوتنیان ھەیە لەگەڵ بەندكراوان ڤایرۆسەكە گوازرایەوە بەندكراوەكانیش تووشبوون".

وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشكرد: "لەپێناو سەلامەتی بەندكراوان و كەسوكاریان سەردانیكردنیان راگیراوە و رێگەیان پێدراوە لە رێگەی سكایپ لەگەڵ كەسوكاریان گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ خێزانەكانیان بكەن".

ئاشكرای كرد: "سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رەزامەندی داوە بۆ پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بە بەندكراوان، بەڵام ئەمەش پێویستی بە یاسا و رێنمایی نوێ ھەیە".