بەشیر حەداد داوای راگرتنی بۆردوومانەکانی تورکیا دەکات

حەداد و یه‌ڵدرم تاوتوێی بۆردوومانه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن

K24 - ھەولێر

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دکتۆر بەشیر حەداد، لەمیانی بەشداریکردن لە کۆنگرەی دووەمی پەرلەمانتاران لەپێناو قودس کە لەشاری ئیستانبۆڵ بەڕێوەچوو، چاوی بە بینالی یڵدرم، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کەوتووە.

بەشیر حەداد، لەو دیدارەدا باسی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیای بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە "پێویستە تورکیا چاوێک بە سیاسەتی خۆیدا بخێشێنێتەوە و بۆردوومانەکانیش رابگرێت، چونکە زۆربەی ئەوانەی دەبنە قوربانی ھاووڵاتی و خەڵکی سڤیلن. هەروەها بە پێویستی داناوە تورکیا سەروەری خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بپارێزێت و چیدیکە نەیبەزێنێت".

شەوی پێنج شەممەی رابردوو 13/12/2018، فڕۆکە جەنگییەكانی تورکیا مەخموور و شنگالیان بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.