رووسیا جۆری دژه مووشه‌كه‌كانی سووریا ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسيا دوا ئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كه‌ی بۆ هێرشی رۆژئاوا له دژی رژێمی ئه‌سه‌د راگه‌یاند و، جۆری ئه‌و چه‌كانه‌شی ئاشكرا كرد، كه شه‌وی 14ی ئه‌م مانگه رژێمی سووریا بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا به‌كاریهێناون.
ئیگۆر كۆناشینكۆڤ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا دووپاتیكرده‌وه، له‌كۆی 103 مووشه‌ك كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا ئاراسته‌ی پێگه‌كانی رژێمی سووریا كراون، هێزی به‌رگری ئاسمانی سووریا 71 مووشه‌كی باڵداری له‌ئاسمان له‌ناو بردووه.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ورده‌كاری له‌باره‌ی مووشه‌كه ئاراسته‌كراوه‌كان و ژماره‌ی مووشه‌كه تێكشكێندراوه‌كان به‌م ریزبه‌ندییه روون كردووه‌ته‌وه:
12 مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی دیمه‌شق كراون و سه‌رجه‌میان تێكشكێندراون.
18 مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌لییه كراون و هه‌موویان ته‌قێندراونه‌ته‌وه.
دوو مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی تیفۆر كراون و هه‌ردووكیان خراونه‌ته خواره‌وه.
9 مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی مه‌زه كراون و 5ـیان تێكشكێندراون.
له‌كۆی 16 مووشه‌كی ئاراسته‌كراو بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی حه‌مس، 13ـیان تێكشكێندراون.
ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له ناوچه‌كانی به‌رزه و جه‌رامانا كرابوون، ژماره‌یان 30 مووشه‌ك بوو و 5ـیان تێكشكێندران.
هه‌وره‌ها وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و فڕۆكه‌خانانه‌ی له‌لایه‌ن واشنتۆن و پاریس و له‌نده‌ن كرابوونه ئامانج، زیانێكی ئه‌وتۆیان پێ نه‌گه‌یشتووه كه شایانی باسكردن بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هێزه‌كانی حكوومه‌تی سووریا له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی زۆربه‌ی مووشه‌كه ئاراسته‌كراوه‌كان له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی سیستمی به‌رگری ئاسمانی درووستكراوی سۆڤیێتیدا سه‌ركه‌وتوو بوو، كه جۆری سیسته‌مه‌كان بریتی بوون له "ئێس 200" و "ئێس 125" و"ئۆسا" و "كفادرات" و "پوك" و "ستریلا" و سیسته‌می "بانتسیر"، كه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سیسته‌مانه‌وه، هێزه‌كانی سووریا 112 دژه مووشه‌كیان ئاراسته كرد، له‌وانه:
25 دژه‌مووشه‌كی "بانتسیر" ئاراسته‌كران و 23ـیان ئامانجه‌كانیان پێكان.
29 دژه‌مووشه‌كی "پوك" ئاراسته‌كران، 25ـیان ئامانجه‌كانیان پێكان.
11 دژه‌مووشه‌كی "ئۆسا" ئاراسته‌كران" 5ـیان ئامانجه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا.
"ئێس 125" 13 دژه‌مووشه‌كی ئاراسته‌كرد و 5ـیان ئامانجه‌كانیان پێكان.
"سترێلا 10" 5 دژه‌مووشه‌كی ئاراسته‌كرد و 3ـیان ئامانجه‌كانیان پێكان.
"كفادرات" 21 مووشه‌كی ئاراسته كرد و 11ـیان ئامانجه‌كانیان پێكان.
"ئێس 200" 8 مووشه‌كی ئاراسته كرد، به‌ڵام هیچیان ئامانجه‌كانیان نه‌پێكا.
له‌باره‌ی سیسته‌می به‌رگری "ئێس 200"ـه‌وه، وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند، بۆیه ئه‌و سیسته‌مه هیچ كامێك له ئامانجه‌كانی نه‌پێكاوه، چونكه ئه‌و جۆره سیسته‌مه تایبه‌ت به له‌ناوبردنی فڕۆكه‌ی مووشه‌كهه‌ڵگر درووستكراوه، نه‌ك بۆ دژه مووشه‌كی، دووپاتیشیكرده‌وه، سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی به‌كارهاتوو زۆر كارامه بوو، وێڕای ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كان زۆر خێرا و قه‌باره بچووك بوون.
هـ.ب