دکتۆر مستەفا خوڕەم دڵ توێژەری ئایینی ناسراوی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

ماوەی ٤ ساڵ سەرۆکی زانکۆی پێگەیاندنی مامۆستایانی شاری سنە بوو

K24 - هه‌ولێر:

دکتۆر مستەفا خوڕەم دڵ نووسه‌ر و توێژه‌ر و شیكه‌ره‌وه‌ی ئایینی دیاری كورد، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، له‌ شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان  كۆچی دوایی كرد.

دکتۆر مستەفا خوڕەم دڵ  لە 24/5/2020 لە رۆژی یەکەمی جەژنی رەمەزان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد، دکتۆر مستەفا، نووسەر و توێژەر و شیکەرەوەی ئایینی بووە، تەفسیری (فی ضلال القران)ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی، هاوکات بۆ خۆی تەفسیری بە هەرسێ زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی بۆ قورئانی پیرۆز بە ناوی تەفسیری نوور کردووە.

دکتور مستەفا خوڕەم دڵ خاوه‌نی چەندین کتێب و توێژینەوەی دیکەی بڵاوکردوونەتەوە، لەوانە: تەفسیری نوور، رێزمانی کوردی سۆرانی، (گلبن دانش)، گەنجینەی سەرفی زمانی عەرەبی، گەنجینەی نەحوی زمانی عەرەبی، ئاخافتنی رۆژانەی زمانی کوردی، نەحوی زمانی فارسی، چاوخشاندنێک به ئیعجازی زانستیی قورئاندا، نوێژ فەرمانی خودا، تەفسیری (المقتطف) به زمانی عەرەبی، تەفسیری شنەی رەحمەت به زمانی کوردی. وەرگێڕانی (الله جل‌ّ جلاله) نووسینی سەعید حوی، وەرگێڕانی (ع‍ن‍ای‍ت ی‍زدان ی‍ا غ‍ری‍زه ح‍ی‍وان؟! ) نووسینی سووقی ابوخلیل، وەرگێڕانی تەفسیری (فی ظلال القرآن) نووسینی سەیید قوتب.

دکتۆر مستەفا خوڕەم دڵ، لە ساڵی ١٣١٥ی کۆچی "هەتاوی" لە گوندی دێبوکری سەر به شاری مهاباد هاتووەتە دونیا. له‌ ساڵی ١٣٥٢ی هەتاوی بڕوانامەی ماستەری لە زمان و ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی تاران به دەست هێناوە و ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بووەتە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری کولتووری عەرەب و زانستە قورئایینیەکان لە زانکۆی ئیلاهییاتی تاران.

دکتۆر خوڕەم دڵ، ساڵانێك لە زانکۆ و خوێندگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران كاری وانەگوتنه‌وه‌ی كردووه‌ و ئەندامی لیژنەی زانستی و سەرۆکی پەیمانگەی باڵای پێگەیاندنی مامۆستایانی شاری سنه بووە، که دواتر ئه‌و پەیمانگەیە کرا به زانکۆی کوردستان.

تەرمی دکتۆر خوڕەم دڵ لە گۆڕستانی ناودارانی شاری مهاباد بە خاك سپێردرا.

H.B