ئەو قوتابیانەی لە زانکۆکانی ئەمەریکا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە دانامەزرێندرێن

K24 - هەولێر

دوێنێ دووشەممە، 13 دادوەری فیدراڵی ئەمەریکا، ڕەتیانکردەوە قوتابیانی کۆلێجی یاسا و قوتابیانی زانکۆی کۆڵۆمبیا دبابمەزرێنن، ئەمەش لە وەڵامی ئەوەبووە کە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە غەززە دابوونە.

دادوەرەکان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی زانکۆی کۆڵۆمبیا نیعمەت شەفیق، و ڕاگری کۆلێجی یاسا جیلیان لیستەریان ناردووە، کەمپی زانکۆی مانهاتنیان بە "دانیشتووانی دەمارگیر" وەسفکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە نامەکەدا هاتووە: "پڕۆفیسۆر و کارگێڕان بە هەمان شێوە لە پێشەنگی نائارامییەکانی زانکۆکاندان، ئەمەش هاندانی بڵاوبوونەوەی خەراپەیە دژی جوولەکەکان".

زانکۆی کۆڵۆمبیا ڕۆژی دووشەممە، ڕێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی هەڵوەشاندەوە بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان.

دادوەرە فیدراڵیەکان ساڵانە دەرچووانی کۆلێجی یاسا بۆ ماوەی ساڵێک بۆ ڕاهێنانی پراکتیکی دادەمەزرێنن، کە ڕەنگە یارمەتیان بدات بۆ بەدەستهێنانی کاری باش و بە مووچە بەرز، دادوەرەکان نووسیویانە دامەزراندنەکە ئەو قوتابیانە دەگرێتەوە کە لە پاییزی ئەمساڵدا دەچنە ناو زانکۆی کۆڵۆمبیا.

لە نامەکەدا داوای "دەرئەنجامە جدییەکان" بۆ ئەو قوتابی و مامۆستایانەی کرد کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی کەمپەکەدا کردووە.

بەهۆی شەڕی غەززە، لە دەیان زانکۆی ئەمەریکا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران بۆ چەند هەفتەیەک لە کەمپێکی زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمەریکا خۆپیشاندانیان کرد، پێش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو هەندێکیان بە شێوەیەکی کاتی کۆنترۆڵی بینای هامیلتۆن بکەن. پۆلیسی شاری نیویۆرک بیناکەی چۆڵکرد و زیاتر لە 100 کەسی دەستگیرکرد.