له‌سه‌ر ریفراندۆمی كه‌ركووك حاكم قادر نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ ده‌كات

وه‌ك یه‌كێتی هەڵوێستمان ئاشكراو روون بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەنجامنەدانی ریفراندۆم لە كەركوك و ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ "نادروست" ناودەبات و له‌وباره‌یه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كات.

حاك قادر پێی وایه‌ "ئەگەر بەبێ ئەو شوێنانە ئەنجام بدرێت ئەوە راگرتنی باشترە".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "پێویستە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەگشتی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستمان ئاشكراو رون بووە وەك (ی.ن.ك) لەسەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، كە مافێكی ڕەوا و حاشاهەڵنەگری گەلی كوردستانە لەسەر بنەماكانی (جاڕی جیهانی مافەكانی مرۆڤ)".

ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه‌ "ئەگەر لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر نەكرێ‌، لەڕوی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی و مێژوییەوە نادروستە".

له‌ كۆتایی نامه‌كه‌یدا گوتوویه‌تی: "لەبەرئەوە بەبێ‌ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان ریفراندۆم بكرێت، راگرتنی باشترە لەئێستادا بەو مەرجەی بە هەمو لایەك هەوڵبدەین رێگاچارەیەكی گونجاوی ئەوتۆ بدۆزینەوە كە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا بێت".

ئه‌و نامه‌یه‌ی قادر حه‌مه‌جان رۆژی شه‌ممه‌ ئاراسته‌ی كۆسره‌ت ره‌سووڵ كراوه‌، كاتێك له‌ ناو حزبه‌كه‌یدا هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆمی شاره‌كه‌ دوابخات، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم و پارێزگاری كه‌ركووك رایانگه‌یاند: "ریفراندۆم له‌ شاری كه‌ركووك ئه‌نجام ده‌درێت و هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی نییه‌".