رافع عیساوی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شانۆی سیاسی عێراق
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری له عێراق، سه‌رجه‌م ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، كه درابوونه پاڵ وه‌زیری دارایی پێشووتری عێراق، رافع عیساوی و به كه‌فاله‌ت ئازادی كرد.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری رایگه‌یاند، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به پرسه‌كانی تیرۆر له ره‌سافه، لێكۆڵینه‌وه‌ی له دۆسیه‌ی رافع عیساوی ته‌واو كرد و هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی له باره‌ی پشتیوانیكردنی تیرۆر درابوونه پاڵ عیساوی هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: بڕیاری ئازادبوون بۆ عیساوی ده‌ركراوه و سه‌رجه‌م ئه‌و سكاڵایانه‌ی له دژی تۆمار كرابوون به تۆمه‌تی هاوكاریكردنی تیرۆر به پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.
روونیشیكراوه‌ته‌وه، له باره‌ی هه‌ندێك دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی كه دراونه‌ته پاڵی دادگا لێكۆڵینه‌وه ده‌كات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش عیساوی به كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێت تا كاتی دادگاییكردنی له سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه.
رۆژی 17ی ئه‌م مانگه دادگا عیساوی ده‌ستبه‌سه‌ر كردبوو، به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی كرابوون.
عیساوی كه‌سایه‌تییه‌كی سوننه‌یه و له نێوان 2010 تا 2013 پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی به‌ڕێوه‌بردووه، ئه‌و كاته‌ی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
له ئازاری 2013 عیساوی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له پۆستی وه‌زیری دارایی راگه‌یاند و حكومه‌تی ئه‌و كاته‌ی نوری مالكی به دژایه‌تیكردنی سوننه و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی تائیفی دژی سوننه تۆمه‌تبار كرد.
هاوكات له سه‌رده‌می مالكیدا، پاسه‌وانێكی عیساوی ده‌ستگیركرا و تۆمه‌تی ئه‌وه خرایه پاڵی كه ده‌ستی هه‌بووه له كوشتنی چه‌ند كه‌سێك و به یاوه‌ری تارق هاشمی جێگری سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كاتی عێراق، تێوه‌گلاوه له كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.
له نێوان ساڵانی 2015 و 2017دا دادگاكانی عێراق دوو جار سزایان به‌سه‌ر عیساویدا سه‌پاند، به بێ ئه‌وه‌ی خۆی ئاماده‌ی دادگا بێت و یه‌كێك له سزاكان زیندانیكردنی بوو بۆ ماوه‌ی 7 ساڵ. به‌و هۆیه‌وه ماوه‌ی نزیكه‌ی ده‌یه‌یه‌كه عیساوی له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سوننه دیار نه‌مابوو.