"حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت شنگال داگیر بكه‌ن"

"فه‌رمانمان بۆ بێت هه‌موویان له‌ شنگال ده‌رده‌كه‌ین"

K24 - هه‌ولیر:

فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، رایگەیاند "پەکەکە و حەشدى شەعبى بە هاوبەشى لە بە تاڵانبردنى ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانى سنوورى شنگال، خانەسۆر و تەلەعفەر تێوەگڵاون و بازرگانى نایاسایی لە نێوان عێراق و سووریادا ده‌كه‌ن و وەک سەرچاوەیەکى باشى دارایی بۆ خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمەیش وەک پەردەپۆشکردنى هاوکارییەکانى حکومەتى عێراق سوودییان لێ بینیوە".

قاسم شەشۆ، فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوی توركی گوتوویه‌تی "چەکدارانى حەشدى شەعبى رۆژ لە دواى رۆژ هێزه‌كانی خۆیان لە سنوورى شارۆچکەى شنگال زیاتر دەکەن، ئامانجیان لەو هێز زیاتر کردنەش داگیرکردنى شنگال و دروستکردنى هیلالێکى شیعییە کە ئەمەیش ئێران چەندین ساڵە خەباتى بۆ دەکات"

ئه‌و فه‌رمانده‌ كورده‌ ئێزدییه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی به‌رگریكردن له‌ شنگال له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنییه‌وه‌ له‌ لایه‌ن داعش تا ئێستا رۆڵی بینیووه‌ ده‌ڵێت "ئێمە وەک کوردانى ئێزدى، فەرماندەیی شنگال و هێزى پێشمەرگە تەواوى خاکى شنگال بە بەشێکى دانەبڕاوى خاکى هەرێمی کوردستانى دەزانین و رێگە نادەین هیچ هێز و گرووپێک چاو ببڕتە خاکى شنگال و دەستى بۆ درێژ بکات

قاسم شەشۆ، فەرماندەى فەرماندەیی شنگال
قاسم شەشۆ، فەرماندەى فەرماندەیی شنگال

هه‌روه‌ها قاسم شه‌شۆ به‌ ئاژانسه‌ توركییه‌كه‌ی گوتووه‌ "دەبێت حەشدى شەعبى رێز لە قوربانیدانى پێشمەرگە بۆ شنگال و ئەو کارەساتان بگرن كه‌ به‌سه‌ر شنگالدا هاتن، چونكه‌ رەوا نییە جارێکى دیكه‌، بە هۆى ململانێی سیاسى و تایفیی، شنگال ببێتەوه‌ قوربانى و خوێن لە جەستەى بچۆڕێتەوە، ئیرادەى گەلى شنگال بە ئیزدى و موسوڵمانیشەوە ئەوەیە حەشدى شەعبى و پەکەکە لە شنگال نەمێنێت و تاوەکو دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدى خۆیان و رێکخراوەکان بتوانن شارۆچکە وێران بووەکە جارێکى دیکە ئاوەدان بکەنەوە".

فەرماندەى فەرماندەیی شنگال باسی تێوەگڵانى چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە بە تاڵانبردنى سەروەت و سامانى هاووڵاتییان كردووه‌ و گوتوویه‌تی "ئەو گرووپە نادەستوورییانەى سنوورى شارۆچکەى شنگال بە میلیشیاکانى حەشدى شەعبیشەوە کەلوپەل و سەروەت و سامانە بەجێماوەکانى هاووڵاتییانى سنوورى شارۆچکەى شنگال، خانەسۆر و تەلەعفەریان بۆخۆیان کردووەتە سەرچاوەى دارایی و هاوشێوەى تیرۆریستانى داعش بەسەر خۆیاندا دابەشیان کردووە".

شه‌شۆ ده‌ڵێت "پەکەکە و حەشدى شەعبى بەردەوامن لە بازرگانیکردنى نایاسایی و بە قاچاغبردنى کەلوپەلى هاووڵاتییانى سنوورەکە، لەو ناوچە سنوورییانەى عێراق و سووریا، كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبىدایه‌، هەموو جۆرە کەلوپەلێکى قەدەغەکراو لە سووریاوە هاوردەى عێراق و سنوورى شنگال دەکەن و دەرخواردى هاووڵاتییانى دەدەن و وەک خزمەتیش بە خەڵکى ناوچەکەی دەفرۆشنەوە".

هێزه‌كانی سه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ شنگال
هێزه‌كانی سه‌ر به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ شنگال

فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، لەبارەى کاتى دەرکردنى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال دەڵێت "ئێمە سەربازین و فەرمانى سەرکردایەتى سیاسى سەرووى خۆمان جێبەجێ دەکەین، هەر کاتێک فەرمانى دەرکردنیان دەربکرێت، تەواوى خاکى شنگال لە سەرجەم هێزە نادەستوورییەکانى وەک پەکەکە، یەپەگە و لقەکانى دیکە بە حەشدى شەعبیشەوە پاکدەکەینەوە، بەڵام باشتر وایە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە".

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆلوی توركی