عەزیز ئەحمەد : بەشداریی 'تی بی ئای' مژدەیەکی گەورەیە بۆ هاووڵاتییان و کەرتی بانکی

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگەی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، بەشداریی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای) لە پڕۆژەکە بە "مژدەیەکی گەورە" بۆ هاووڵاتییان و کەرتی بانکی ناو دەبات. دەشڵێت: خزمەتگوزاریی زیاتری دارایی دەداتە هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-05-2024، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی لەبارەی بەشداریی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای) لە پڕۆژەکە بڵاوکردەوە.

عەزیز ئەحمەد پەیامەکەی بە دەستەواژەی "ڕێککەوتین" دەست پێ کردووە و دەڵێت، " ئێستا بانکی (TBI) بەشدارە لە هەژماری من کە پڕۆژەی بەبانکیکردنی مووچەیە لە هەرێمی کوردستان. بانکەکە دێتە ڕیزی شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق و بژاردەی زیاتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی دارایی دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان".

بەشداریی بانکەکە لە پڕۆژەی "هەژماری من"، وەکو ئەوەی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ کردووە، "مژدەیەکی گەورەیە بۆ هاووڵاتییانمان و کەرتی بانکی بە گشتی".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-04-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات".

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) چەندین کۆبوونەوەیان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) ئەنجام داوە.

لە کۆبوونەوەکاندا، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هاوبەشییە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، سوودێکی زۆر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، "بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق".

پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و ڕێژەی تۆمارکردنیشیان گەیشتووەتە زیاتر لە 301 هەزار کەس، هاوکات 200 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، تا کۆتایی ساڵی 2024، نزیکەی هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن.

ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە.

بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:

1- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.

2- ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.

3- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

4- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

5- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

6- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.