بەتەمەنترین نەخۆشی كۆرۆنا لە ئیتاڵیا چاك بووەوە

خانەنشینێكی تەمەن 95 ساڵییە

K24- هەولێر:

داپیرەیەكی تەمەن 95 ساڵی كە یەكەم بە تەمەنترین تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە لەو پەتایە چاك بووەتەوە.

ئەلما كلارا كۆرسینی، خەڵكی ناوچەی فانۆیە لە هەرێمی مۆدینا و بەر لە ماوەیەك لەم مانگەدا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببوو.

دوای دەركەوتنی نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 5ی ئەم مانگە گوازرابووەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئێستاش دوای مانەوەی بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە، كلارا كۆرسینی بە تەواوی لە ڤایرۆسەكە چاك بووەتەوە و بە یەكەم بەتەمەنترین تووشبووی كۆرۆنا دەژمێردرێت، كە لەو وڵاتە ئەو چانسەی هەبووبێت، كە لەو تەمەنە زۆرەدا لە پەتاكە چاك ببێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆرترین مەترسی لەسەر مرۆڤی بەتەمەن هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە سیستەمی بەرگری لەشیان بە بەراورد لەگەڵ كەسانی گەنج و منداڵ، لە ئاستێكی لاوازدایە و توانای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا "كۆڤید-19"یان نییە.

تا ئێوارەی دوێنێ، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئیتاڵیا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 5 هەزار و 476 كەس. بەهۆی زۆری ژمارەی مردووانیش، هێزە ئەمنییەكان فریای گواستنەوە و ناشتنی تەرمی مردووەكان ناكەون.

هاوكات تا ئێستا 59 هەزار و 138 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە ئیتاڵیا تۆماركراون، لەو ژمارەیەش هەزار و 24 تووشبوو بە یەكجاری چاكبوونەتەوە.

ئەلما یەكێكە لەو نەخۆشە بە چانسانەی كە تا ئێستا توانیویانە لە پەتاكە چاك ببنەوە، لەم بارەشەوە تیمی پزیشكان رایانگەیاند، جەستەی ئەو خانمە خانەنشینە كاردانەوەیەكی بەهێزی بۆ ڤایرۆسەكە هەبوو، هەر بەو هۆیەشەوە توانی لە پەتاكە چاك بێتەوە.

لە لێدوانێكیشدا بۆ رۆژنامەی "گازیتا دی مۆدێنا"، ئەلما گوتی: "بەڵێ، بەڵێ، من باشم، زۆر بەباشی چاودێرییان كردوم، پاش كەمێكی دیكە رەوانەی ماڵەوە دەكرێمەوە".

پسپۆڕان دەڵێن: "ئەو خانمە بەساڵا چووە توانی لەو پەتایە چاك بێتەوە، بێ ئەوەی هیچ دژەڤایرۆسێكی پێ بدرێت، كە بۆ هەمان نەخۆشی بە تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە دەدرێت".

H.B