یەریڤان سەعید: گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان دەیانەوێت ئابووریی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن

یەریڤان سەعید، بەڕێوه‌بەری دەستپێشخەری جیهانی کورد بۆ ئاشتی
یەریڤان سەعید، بەڕێوه‌بەری دەستپێشخەری جیهانی کورد بۆ ئاشتی

K24 – هەولێر:

بەڕێوه‌بەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی، دەڵێت: ئەو کەسانەی کە حکوومەتی عێراقیان دروست کردووە، هەر ئەو کەسانەن کە ئەم جۆرە هێرشانە دەکەنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

یەریڤان سەعید، بەڕێوه‌بەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەمە نۆیەمین جارە هێرش بکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هەموو جارەکان حکوومەتی عێراق لیجنەی پێکهێناوە، بەڵام هیچ جارێک ئەو لیجنانە نەگەیشتوونە ئەنجام، ئەو گرووپانەی بەرپرسن لە هێرشەکان هەرگیز دەستنیشان نەکراون.

بەڕێوه‌بەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی، دەڵێت: "ئەو کەسانەی کە حکوومەتی عێراقیان دروست کردووە، هەر ئەو کەسانەن کە ئەم جۆرە هێرشانە دەکەنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەو کەسەی ئەو کارە بکات و لیجنە دابنێت چاوەڕێی چ ئەنجامێکی لێ دەکرێ؟"

هەر لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە مەبەستیانە ئابووریی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، ئەگەر لە ڕووی ئابووریییەوە لاوازت بکەن دوایی ئەتوانن لە ڕووی سیاسیشەوە لاوازت بکەن.

یەریڤان سەعید، گوتی: گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق مەبەستیانە هەموو جارێک پەیامێک ئاراستەی وڵاتانی دەرەوە بکەن بڵێن، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ سوودانی کردتان لە بواری نەوت هیچ سوودی نییە؛ ئەگەر ئێوە بێنە عێراق، بە هەمان هێرشتان دەکەینە سەر.

لەبارەی کاریگەریی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، بەڕێوه‌بەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی، ڕوونی کردەوە، ئێران ئامادە نییە لەو کاتەدا دەستبەرداری گرێبستی غاز لەگەڵ عێراق بێت، چونکە گرێبەستەکە داهاتێکی زۆر باشە بۆ ئێران، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ڕێگریی دەکات لەوە دەکات کە عێراق لە کەرتی غازدا سەربەخۆ بێت.

ۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاو نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.