162 پرۆژه له‌بواری كشتوكاڵ له هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نرێن
K24- هه‌ولێر:
دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ، رووپێوێكیان بۆ بەرھەمە كشتوكاڵییەكانی خۆماڵی و بیانی ئەنجامداوە، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان بە كوردستان24ی راگەیاند، ھەوڵدەدەن لەڕێگەی پرۆژەكانی وەبەرھێنانەوە ئاستی بەرھەمە خۆماڵییەكان بەرزبكەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش 162 پرۆژەی نوێ لەبواری كشتوكاڵی رادەگەیەنن.
له‌كاتێكدا هينانى بەروبوومی كشتوكالى به‌شيوه‌ى قاچاغ و رێکنەخستی بازاڕ بۆ بەروبوومە ناوخۆییەکان زیانی بە جووتیاران گەیاندووە و وايكردووه لە بازاڕی ناوخۆدا بۆیان ساغ نه‌بێتەوه، گۆران ساڵح كه یەکێکە لەو سەدان جووتیارەی له ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی زیانی پێگه‌یشتووه، ده‌ڵێت: لەبەر هاتنى بەروبوومی قاچاغ لە ئێرانەوە ئەوان وردە وردە مایەپوچ دەبن و بەرھەمەکانیان ساغ نابنه‌وه.
بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ی ساغنه‌كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووتياران لە بازاڕدا، دەستەی وەبەرھێنان رووپێویکی له‌سه‌ر بەروبوومی خۆماڵی ئەنجامداوە، به ئامانجی چارەسەركردن و زيادكردنى ده‌رفه‌تی بە بازاڕکردن و دانانى سنووريك بۆ فەوتانی بەرھەمە وەرزییەکانى جووتيارانى كوردستان، له‌و باره‌شه‌وه محه‌مه‌د شوكری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەڵێت: ئامانجیان لەم رووپێوه بۆ ئەوەیە بزانن ھەرێمی کوردستان چی پێویستە و پێویستییه‌كان بۆ بەرھەمھێنان چین.
ئەو روپێوە كه لە لایەن دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرتی کشتوکاڵ کراوە، رونیدەکاتەوە، ساڵانە ھەزاران تۆن خۆراك و بەروبوومی سەوزە و میوە ھاوردە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی به‌رهه‌می هاوشێوه لە ناوخۆشدا بەرھەمدەھێنرێن .
تا ئێستا 31 پرۆژەی کشتوکاڵی بە سەرمایەی 835 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی پێدراوە و ھەفتەی داھاتوش 162 پڕۆژەی وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە لایه‌ن دەستەی وەبەرھێنانەوە رادەگەیەنێرێن.
H.B