سلێمانى.. له‌ گازينۆيه‌كدا 22 تۆمه‌تبار ده‌ستگيركران

هەڵمەتێكی بۆ گەڕان و پشكنینی گازینۆ و كافتریاكان دەستیپێكرد

K24 – سلێمانى:

به‌شى راگه‌ياندن و په‌يوه‌ندييه‌كانى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رايگه‌ياند، هێزه‌ ئه‌منييه‌كان توانيويانه‌ له‌ گازينۆيه‌كدا 22 كه‌س به‌ تۆمه‌تى قوماركردن ده‌ستبه‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، پۆليسى سلێمانى رايگه‌ياندووه‌، "دوای چاودێریكردنی گازینۆو كافتریاكانی شاری سلێمانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە، زانرا لەبەشێك لەو شوێنانەدا قومار دەكرێت، دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر هەڵمەتێكی بۆ گەڕان و پشكنینی گازینۆ و كافتریاكان دەستیپێكرد".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "لەو هەڵمەتەدا و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرا بە هاوكاری هێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانرا ئەمشەو لە گازینۆیەكدا 22 تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر 1 ملیۆن و 630 هەزار دیناری عیراقی و 100 دۆلارى ئه‌مه‌ريكى و بڕێك لە خواردنه‌وه‌ى كهولى و پولی قوماردا".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "تۆمه‌تباره‌كان له‌ بنكه‌ى پۆليس راگيراوون و په‌ڕاوى لێكۆڵينه‌وه‌يان بۆ كراوه‌ته‌وه‌".

له‌ كۆتايى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی جەخت دەكاتەوە، كە هەڵمەتەكانی بۆ گەڕان و پشكنین لە تەواوی گازینۆو كافتریاكانی شاری سلێمانی بەردەوامییان دەبێت و سەرجەم تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە".

ئ.ر