نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان: له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بين له‌ چالاكى خۆمان

پێويسته‌ كێشه‌كان به‌ ديالۆگ و سازشى بنياتنه‌رانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن

K24 – هه‌ولێر:

ستێفان دویاریك، وته‌بێژى سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراقه‌وه‌ رايگه‌ياند، پێويسته‌ كێشه‌كان به‌ ديالۆگ و سازشى بنياتنه‌رانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

گوتيشى: سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانە لە ئەگەری کاریگەری خراپی ریفراندۆمی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانی عێراق.

ستێفان دویاریك، هه‌روه‌ها گوتى: سکرتێری گشتی پێی وایە کە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە بە شێوەی دیالۆگی تۆکمە و سازشی بنیاتنەر چارەسەر بکرێن. 

ئه‌وه‌شى گوتووه‌، كه‌ سکرتێری گشتی پێشبینی ئەوە دەکات، چالاکییە رێپێدراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرتاسەری عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەبێ سنووردارکردن بەردەوام دەبن. بەڕێزیان داوای لە لایەنە دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەکان کرد لە هاوکاری ئەو نێردەیە بەردەوام بن.