لەم شارە بەهۆی کۆرۆنا تەرمی هاووڵاتیان لەسەر شەقامەکان فڕێدراون

بۆنی تەرمەکان، شەقامەکەی تەی کردووە

K24 – هه‌ولێر:

لە شەقامەکانی شاری گوایاکیل لە ئیکوادۆر، تەرمی مردووەکان لەسەر شەقامەکان دادەنرێن، نەخۆشخانە و گۆڕستانەکان پڕن لە نەخۆش و مردوو.

لە گوایاکیل، نەخۆشخانەکان هیچ شوێنێکیان بۆ نەخۆش نەماوە، گۆڕستانەکانیش، بەهۆی زۆری رێژەی مردووان و قەدەغەی هاتووچۆ، تەرمی نوێ وەرناگرن.

ئاماژە بەوەشکراوە، داتاکان راستنین و زۆر تووشبووی لە ناو ماڵەکانیان ماونەتەوە.

فێرناندۆ ئیسپانا بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە: "نەخۆشێکمان هەیە پێویستی بە نەخۆشخانەیە، ماوەی پێنج رۆژە چاوەڕێ دەکەین، ئامبوڵانس نانێرن".

دەشڵێت: "بێزاربووین هێند تەلەفۆن بکەین، ئەوان تەنها دەڵێن، چاوەڕوان بن و دواتر نایەن بە هاوارمانەوە".

خەڵکەکە ناچاروبوون، مردووەکانیان لەسەر شەقامەکان دابنێن و لەوێ جێی بهێڵن. ئەمەش بۆ ئەوەی، بۆنی تەرمەکە، وەڕەزیان نەکات، بەڵام شەقامەکان لەو بۆنە بێبەش نین.

نەک تەنها ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا دەمرن، بەڵکو ئەو کەسانەشی بەهۆی نەخۆشی جیاوازەوە لە شارەکە دەمرن، لەسەر شەقامەکان فڕێدەدرێن.

ئیسپانا دەڵێت، دایکم تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و تەمەنی 80 ساڵە، بە ئەستەم هەناسە دەدات، دراوسێکانیشمان هەمان حاڵەتیان هەیە".

تەنها لەو شارە، کە ژمارەی دانیشتوانی دوو ملیۆن کەسە، 102 کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار حاڵەتیش هەن، بەڵام میدیاکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاترن و هێشتا تۆمار نەکراون.

CNN