ئەوەی بە هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ نەکراوە لە مێژوودا مێسی بەدەستیهێنا

مێسی بە باشترین وەرزشوانی ساڵ دەستنیشانکرا

لیۆنێل مێسی بووە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ لە میژوودا خەڵاتی لاوریۆس بۆ باشترین وەرزشوانی ساڵ بەدەست بهێنێت، کە بە هاوبەشی لەگەڵ لویس هامیلتۆن بە باشترین وەرزشوانی 2019 دەستنیشانکران و سیمۆن بایلزی کجەجمناستیکزانی ئەمریکیش بە باشترین کچە وەرزشوانی ساڵ هەڵبژێردرا.

مەراسیمی ساڵانەی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لاوریۆس لە بەرلین بەڕێوەچوو، لیویس هامیلتۆنی شوفێری بەناوبانگی بەریتانی و لیۆنێل میسی یاریزانی ئارجێنتینی بە هاوبەشی خەڵاتەکەیان بەدەستهێنا و بەپیش رافایل نادال و تایگەر وودز و سەدان وەرزشوانی دیکە کەوتن، مێسی بووە یەکەم یاریزانی تۆپی پێ لە مێژوودا ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنێت، کەچی لە مەراسیمەکە ئامادە نەبوو لە رێگای ڤیدیۆیەکەوە پەیامەکەی بە ئامادەبوون گەیاند.

مێسی کە ئێستا بە گەشتێک لە دوبەیە، لەو پەیامە ڤیدیۆییەی بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتەکەوە ناردبووی، گوتی 'دەمەوێت سوپاسی ئەکادیمیای لاوریۆس بکەم بۆ پێدانی ئەم خەڵاتەیە، بە راستی ئەم خەڵاتە بەلای منەوە زۆر گرنگ و تایبەتە، سوپاسی هاوڕێکەنام و خێزانەکەم دەکەم کە هەمیشە پاڵپشتیم دەکەن'.