باوانی سەربازانی ئیسرائیل هۆشداری لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح دەدەن

K24 - هەولێر

زیاتر لە 600 دایک و باوکی سەربازانی ئیسرائیل، ئەوانەی لە شەڕی غەززەدان، نامەیەکیان ئاراستەی وەزیری بەرگری، یوئاڤ گالانت و سەرۆکی ئەرکانی سوپا هێرتزی هالیڤی کردووە و داوایان کردووە سوپا هێرش نەکاتە سەر شاری ڕەفەح.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست"ـی ئیسرائیلی ئەو نامەیە ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی جەنگ کردووە بەتایبەت "بێنی گانتز و گادی ئایزنکوت".

لە نامەکەدا هاتووە، "بەگوێرەی بڵاوکراوە مێدیاییەکان و شارەزایان، چوونە ناو ڕەفەح، تەڵەیە بۆ کوشتنی سەربازەکانمان".

ئاماژەی بەوەش کرد، هەرکەسێک عاقل بێت تێدەگات، کە چەند مانگێگە باسی هێرشی سەر ڕەفەح دەکرێت، ئەوە حەماس و گرووپە چەکدارەکان خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەو شەڕە".

دایک و باوکەکان دەشڵێن: "بەداخەوە ئێمەش بە هەموو توانای خۆمانەوە دەڵێین متمانەمان بە ئێوە نییە".

هەر لەنامەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەندێک لەو ڕووداوانەی لەکاتی شەڕ ڕوویان داوە، کە بووەتە هۆی کوژران یان برینداربوونی سەربازان، بەهۆی ڕەچاوکردنی سیاسییەوە بووە".

لەوبارەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: ئاگربەست بکرێت یان نا، سوپای ئیسرائیل هەر هێرشی زەمینی دەکاتە سەر شاری ڕەفەح.