هه‌ولێر و به‌غدا لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ ھەڵدەدەنەوە
K24 - ھەولێر
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان بەیاوەری شاندێك كە پێكھاتبوون لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك لە وەزیرەكان، له یه‌كه‌مین سه‌ردانیدا بۆ به‌غدا دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی وه‌زیران، له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆبووه‌وه. دوای كۆبوونەوەكانیش مه‌سرور بارزانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بە میدیاكارانی رایگه‌یاند "تێگه‌یشتنی زۆر باش هه‌بوو، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێویست بوو بگوترێت له لایه‌ن شاندی هه‌رێمه‌وه خستمانه‌ڕوو".
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "له داهاتوویه‌كی نزیك ده‌ست به گفتوگۆی ته‌كنیكی ده‌كرێت بۆ تاوتوێكردنی پرسه‌كان.
هاوكات هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق وێڕای به‌رزنرخاندنی سه‌ردانه‌كه دووپاتیشیان له چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به گوێره‌ی ده‌ستوور كرده‌وه.
رۆژی دووشەممە 15/7/2019، كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی گرێدا، لە یەكەمین كۆبوونەوەدا جگە لە دەركردنی چەند بڕیارێكی گرنگ لەپێناو چاكسازیی و باشتركردنی دۆخی ھەرێمی كوردستان، حكوومەتی ھەرێم بڕیاریدا بۆ دەربڕینی نیازپاكی، شاندێكی باڵای حكوومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی لە قۆناخەكانی داھاتوودا چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە كردەیی دەست پێبكەن.
ھ.م