عێراق تا 45 رۆژى ديكه ده‌توانێت غازى سرووشتى له ئێرانه‌وه هاورده بكات
K24 – هه‌ولێر:
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا رایگه‌یاند، ماوه‌ی 45 رۆژ دەرفەت دراوه به عێراق بۆ هاورده‌كردنی غازی سروشتی له‌ئێرانه‌وه، كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی واشنتۆنه‌وه سزای به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.
له ڤیدیۆیه‌كدا، كه له پێگه‌ی باڵیۆزخانه‌كه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه هاتووه: "ئه‌مه‌ریكا ماوه‌ی 45 رۆژ دەرفەتی كاتیی بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ركردووه بۆ كڕینی غازی سروشتی له‌ئێران".
له‌ڤیدیۆكه‌دا، ده‌بینرێت هه‌ندێك له به‌رپرسانی باڵیۆزخانه‌كه به زمانی عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن هاتووه: "سزاكانی ئه‌مه‌ریكا رژێمی ئێران ده‌كه‌نه ئامانج نه‌ك گه‌له‌كه‌ی".
بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سووته‌مه‌نی بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، عێراق غازی سروشتی له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كات.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند، عێراق له‌سزاكانی سه‌ر ئێران‌دا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه چاوپۆشیی لێكراوه، چونكه بێلایه‌نه له كێشمه‌كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.
رۆژى 5ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌رى 2018 ئه‌مه‌ریكا ناوی 50 بانكی ئێرانی و زیاتر له 700 كۆمپانیا و كه‌سایه‌تیی ئێرانى خسته لیستی سزاكانه‌وه.
هه‌روه‌ها حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا ماوه‌ی 180 رۆژی دیكه‌ی وه‌ك چاوپۆشی بۆ درێژه‌دان به بازرگانییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران داوه‌ته هه‌ریه‌كه له وڵاتانی توركیا، كۆریای باشوور، ئیتاڵیا، یۆنان، چین، تایوان، هیندستان و ژاپۆن.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ