عەبدولخاڵق مەسعوود دەست لە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکێشێتەوە
عەبدولخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەست لەکار دەکێشێتەوە، دوای زیاتر لە شەش ساڵ کورد ئەو پۆستە لەدەست دەدات و چارەنووسی بەرکەوتەی کورد لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نادیارە.
ئەمڕۆ هەینی 17ی یەنایەری 2020 فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگر و ئەندامانی فیدراسیۆنەکە جگە لە مالح مەھدی و یەحیا زەغەیەر لە هەولێر کۆبووەوە، سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنەکە بڕیاریان دا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیان پێشکەش بکەن و ئەو نامەیە لەلای عەباس علێوی سەرۆکی لێژنەی وەرزش و لاوانی پەرلەمانی عێراق بپارێزرێت تاکو عەدنان درجال سەرجەم سکاڵایەکانی لەسەر سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە دادگا دەکشێنێتەوە.
بە ناوبژیوانی ئەحمەد ریازی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق ئەم رێکەوتنە لە نێوان سەرۆک و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و عەدنان درجال و دەستەکەی ئەنجام دراوە، کە شەوی رابردوو بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر هەردوولا لە هەولێر کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
دوای جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە لەلایەن عەدنان درجالەوە سەرۆک و جێگر و گشت ئەندامانی فیدراسیۆنەکە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیان ئاراستەی فیفا دەکەن بۆ ئەوەی رەزامەندیی لەسەر بدرێت.
عهبدولخالق مهسعوودی تهمهن 64 ساڵان دوو جار لە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردراوە، ساڵی 2014 بووە یەکەم کورد ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت، دوو ساڵ لەمەوبەریش بۆ دووەمجار بە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرایەوە، پێشتریش بۆ ماوهی 20 ساڵ وهك كارگێر و جێگری سهرۆكی یانهی ههولێر كاری كردووه و له سهرهتای ساڵی رابردوو به فهرمی دهستی له پۆستهكهی یانهی ههولێر ههڵگرت.