وادەی كردنەوەی رێگەی ھەولێر - كەركووك ئاشكرا دەكرێت

پردی ئاسن دادەنرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەسەر كردنەوەی رێگەی ھەولێر - كەركووك، رێككەوتوون و ئەمڕۆ رێككەوتنە كەوتە بواری جێبەجێكردن و فەرماندەیەكی پێشمەرگەش وادەی كردنەوەی رێگەكە ئاشكرا دەكات.

محەمەد رێگر، فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە بە وەكالەت بە کوردستان24 راگەیاند: "بەھۆی شەڕی سەپێندراو بەسەر پێشمەرگە لە ساڵی 2017 پردی ھاتووچۆ لە ناحییەی پردێ تێكچووە، ئێستا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بەكاركردووە بۆ چاككردنەوەی پردەكە، پردێكی ئاسن دادەنرێت".

گوتیشی: "بەڕێوەبەری رێگاوبانی ھەولێر سەردانی پردەكەی كردووە و رایگەیاندووە، كە لە ماوەی 15 رۆژدا پردەكە چاكدەكرێتەوە، بۆ ئەوەی ھاتووچۆی ھاووڵاتیان بە رێگەی پردێ دەست پێبكاتەوە".

لە رۆژانی رابردوودا شاندی ھەرێمی كوردستان و بەغدا چەند كۆبوونەوەیەكیان لەبارەی رێكارەكانی كردنەوەی رێگەی ھەولێر - كەركووك ئەنجامدا و لەسەر رێكارە ئەمنییەكان و چاككردنەوەی ئەو پردەی بەھۆی شەڕەوە لە ناحیەی پردێ تێكچووە گەیشتنە رێككەوتن.

ھ.م