ترەمپ چارەنووسی تورکیا بە ئازادکردنی قەشەکە دەبەستێتەوە

"هیچ ناکەین تەنها شتەکان لە تورکیا دەگرینەوە"

K24- هه‌ولێر:

دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامی سزاکان بەسەر تورکیادا تا ئەو کاتەی قەشە ئەمەریکییەکە ئازاد دەکرێت راگەیاند.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی: "تورکیا چەندین ساڵە سوود لە ئەمەریکا وەردەگرێت، ئێستاش قەشە مەزنەکەی ئێمەیان دەستبەسەر کردووە کە من دەبێت ئێستا داوای لێبکەم وەک دیلێکی نیشتیمانی نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان بکات".

ترەمپ دەشڵێت: " ئێمە هیچ نادەین لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو پیاوە بێتاوانە، بەڵام ئێمە شتەکان لە تورکیا دەگرینەوە".

بەهۆی زیندانیکردنی ئەو قەشە ئەمەریکییە و چەند کێشەیەکی سیاسی دیکە، ئەمەریکا چەند سزایەکی ئابووری تورکیای داوە و بەهۆیەوە نرخی لیرەی تورکی داشکاندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

لە نوێترین هەڵوێستیشیاندا، بەرپرسانی تورکیا، داوای دانووستانی بێ مەرج دەکەن لەگەڵ ئەمەریکا و دەیانەوێت کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن.

H.J