ئایا واشنتن عێراق لە سزا نوێکانی سەر ئێران دەبەخشێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

K24 – واشنتن:

بڕیارە 5ی مانگی داهاتوو، ئەمەریکا هەناردەی نەوت و وزەی ئێران قەدەخە بکات، سزای ئەو وڵاتانەش بدات کە بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24، رۆڵی عێراق لەو شەپۆلە سزا نوێیە ئاشکرا دەکات.

عێراق بە فەرمی داوای لە ئەمەریکا کردووە کە سزا نوێکانی سەر ئێران نەیگرێتەوە، بەڵام هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، لۆری میلرۆی، رایگەیاند: "ئێمە لە سەرانسەری جیهان گفتوگۆمان لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانانمان دەربارەی سزاکانی سەر ئێران هەیە و سیاسەتەکەمان زۆر روونە".

گوتیشی: "ئێمە لە دانووستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەبارەی سزاکانی سەر ئێران بەردەوام دەبین و حکوومەتی ئەمەریکا سوورە لەسەر گەڕاندنەوە و سەپاندنی گشت سزاکان".

پەیامنێری کوردستان24 بۆ زیاتر روونکردنەوەی وەڵامی ناوێرت، دەپرسێت: "کەوایە ئێوە بە عێراق دەڵێن نەخێر"، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت: "من پێشبینی بۆ هیچ شتیك ناکەم".

جیا لە عێراق، واشنتن کێشەی لەگەڵ هیندستان و چین هەیە، بەوەی ئەو دوو وڵاتە رایانگەیاندووە، سەرەڕای سزاکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوای دەرچەیەکی رزگاربوون لە سزاکانی ئەمەریکا دەگەڕێت و واشنتیش سوورە لەوەی بە سزاکانی "رەفتاری" حکوومەتی ئێران بگۆڕێت، بەڵام هێشتا روون نییە کام وڵات لەم یارییە سەرکەوتوو دەبن.

H.J