ساسان عەونی: رۆژانە حكومەتی ھەرێم 840 ملیۆن دینار بۆ بەرھەمھێنانی ئاو خەرج دەكات

.

K24 - ھەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوازر ئاشكرای دەكات، رۆژانە حكومەتی ھەرێم 840 ملیۆن دینار بۆ بەرھەمھێنانی ئاو خەرج دەكات و 2.1 ملیۆن سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان بەرھەم دەھێنێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوازری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەولەویەتی وەزارەتی شارەوانی پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بوو، بۆ خزمەتی زیاتری ھاووڵاتییان".

گوتیشی: "لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم گرنگی زۆری بە دابینكردنی ئاو داوە، حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژانە 2.1 ملیۆن سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتییان بەرھەم دەھێنێت، لە رێگەی 69 پڕۆژەی جۆراوجۆر، كە 19 پڕۆژە لە ھەولێر و 28 پڕۆژە لە سلێمانی و 9 پڕۆژە لە دھۆك و یەك لە ھەڵەبجە، 7 پڕۆژە لە ئیدارەی گەمیان و 6 پڕۆژەش لە ئیدارەی راپەڕین".

گوتیشی: "رۆژانە حكومەتی ھەرێم 840 ملیۆن دینار بۆ بەرھەمھێنانی ئاو خەرج دەكات، ھەر ھاووڵاتییەك 365 لیتر ئاوی بەردەكەوێت، لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی جیھانی ھەر كەسێك پێویستی بە 200 تا 220 لیتر ئاو ھەیە، واتا ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان ئاو زیاد لە پێویست بەكاردەھێنن".

باسی لەوەشكرد: "حكومەتی ھەرێم كاردەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی زبڵ و خاشاك، چەند ھەفتەیەك پێش كارگەی چارەسەری خاشاكی سلێمانی تەواو بوو، كە پڕۆژەیەكی ستراتیجی گەورەیە، ئێستا لەكاتی كاركردنی تاقیكردنەوەدایە، بەمەش كێشەی خاشاك لە سلێمانی چارەسەر دەبێت. چەند كارگەیەكی دیكە لە قۆناغی جێبەجێكردن دان و لە ئایندەدا تەواو دەكرێن".

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەدا: "پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەم زووانە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە، كە ئەو پڕۆژەیە جێی بایەخ بوو لای سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، چونكە بەھۆی فراوانبوونی شاری سلێمانی كێشەی ھاتووچۆ لەو شارە دروستبووە، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری كێشەی ھاتووچۆ لەناو شاری سلێمانی چارەسەر دەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تا رادەیەكی باش توانراوە رێگری بكرێت لە زێدەڕۆیی كردنە سەر موڵكی گشتی".

روونیكردەوە: "شەقامی 100 مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكان 146 كیلۆمەترە و پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. حكومەتی ھەرێمی كوردستان 400 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە".

وەزیری شارەوانی ئاشكرای كرد: "لەم ھەفتەیە بەردی بناغەی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دادەنرێت".