بەڤیدیۆ.. لە عێراق هێرش كرایە سەر كاروانی بارهەڵگرانی ئەمەریكا

هێرشەكە لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە ئەنجام دراوە
kurdistan24.net

K24- هەولێر:

گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە میدیا عێراقییەكان بڵاوبووەتەوە و لە دیمەنەكانیدا نیشان دەدرێت كاتێك ئاگر لە ژمارەیەك ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری ئەمەریكی بەردراوە كە پێداویستیی لۆجستییان هەڵگرتبوو و وەك دەگوترێت: لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە لەسەر رێگەی سەرەكی نێوان سەماوە و دیوانییەی باشووری عێراق كراونەتە ئامانج.

لە دیمەنەكانیدا نیشان دەدرێت كە ئاگر هەموو بارهەڵگرەكانی تەنیووە و لەسەر شەقامەكە بە تەواوەتی سووتێنراون.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراقی هەواڵەكەی بۆ عەرەبییە حەدەس پشتڕاست كردەوە و رایگەیاند، ژمارەیەك چەكدار سێ بارهەڵگری گواستنەوەی ئۆتۆمبیلی سەربازی جۆری هامفییان لە ناوچەی نەجمیی نێوان سەماوە و پارێزگای دیالە لە باشووری عێراق كردووەتە ئامانج و گوتیشی: كاروانەكە تەنیا دوو شۆفێری عێراقییان لەگەڵ بووە و چەكداران ئەو دوو شۆفێرانەیان هێناوەتە خوارەوە و ئاگریان لە كاروانی بارهەڵگرەكان بەرداوە.

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو كاروانە تایبەت بوو بە پشتیوانی لۆجستیی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و گوتیشی: هێزە ئەمنییەكان شوێنی رووداوەكەیان تەنیووە.

H.B