بەرازیل بووە دووەم وڵات لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا

K24 - هەولێر

بەرازیل پێش رووسیا کەوتەوە لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردووشدا هەزار و یەک کەس بەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

لەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور تاوەکو ئێستا 330 هەزار و 890 کەس وەکو تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و، 21 هەزار و 48 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن کەمیی پشکنین ئەوە دەگەیەنێت ژمارەی تووشبووان رەنگە 15 ئەوەندەی ژمارە تۆمارکراوەکە بێت.

لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 1001 کەس لە بەرازیل بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لەماوەی تەنیا چوار رۆژی رابردووشدا، سێیەم جارە ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا دەگاتە سەرووی هەزار کەس لە هەر شەو و رۆژێکدا لەو وڵاتە.

رەوشەکە لە بەرازیل بەجۆرێک خراپە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئەمریکای باشوور وەکو "سەنتەری نوێی پەتاکە" دەناسێنێت.

بەرازیل تاوەکو ئێستا لە پلەی شەشەمی وڵاتان دێت لەڕووی زۆریی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەدوای: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەرەنسایە، بەڵام شارەزایان پێشبینی دەکەن لە مانگی داهاتووەوە، تووشبوون بە کۆرۆنا لە بەرازیل بگاتە لووتکە.

هەرچەندە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لە بەرازیل دراوە، بەڵام جاییر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل کە پێشتر ڤایرۆسی کۆرۆنای بە "هەڵامەتێکی سووک" وەسفدەکرد، رەخنە لە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و قەدەغەی هاتووچۆ دەگرێت و، دەڵێ پێویست نییە و زیان بە ئابووری دەگەیەنێت.