"دوو ساڵ ریفراندۆم دوابخه‌ن دۆسیه‌كه ده‌خه‌ینه گفتوگۆی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سكرتیری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی چاپی له‌نده‌نی راگه‌یاندووه: "ئه‌مریكا و بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، پێشنیازیانكردووه‌و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و ریفراندۆم بخرێته ناو گفتوگۆی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، له به‌رامبه‌ردا سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ ریفراندۆم دوابخه‌ن. هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: برێت مه‌كگۆرك نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ شه‌ڕی داعش و باڵیۆزانی ئه‌مریكا و بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، رۆژی پێنج شه‌ممه ئه‌و پێشنیازه‌یان خستووه‌ته به‌رده‌ستی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و گوتوویانه"ئه‌گه‌ر ره‌تبكرێته‌وه هه‌رێم ته‌حه‌مولی ده‌رهاویشته‌كانی ده‌كات".
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "مه‌كگۆرك و باڵیۆزه‌كان پێشنیازی دواخستنی ریفراندۆمیان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی دیكه كردوووه، تا له كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا دۆسێی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ریفراندۆم باس ده‌كرێت، ئه‌و سێ وڵاته‌یش هه‌وڵ ده‌ده‌ن كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن".
ده‌باره‌ی بۆچوونی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشنیازه، سكرتیری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: "له راستیدا ئه‌وان شتێكی به‌رجه‌سته‌یان نه‌خستووه‌ته به‌رده‌ست، وه‌ڵامی سه‌رۆك بارزانی ئه‌وه‌بووه، پێویسته به‌دیله‌كه به‌هێزتربێت له ریفراندۆم، ئه‌و كات ئه‌و بابه‌ته له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردستانییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ین تا بڕیاری به كۆمه‌ڵی له باره‌وه بدرێت".
هه‌وره‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌وان جدین له‌و بابه‌ته، با ئه‌و پرسه بخه‌نه به‌رده‌ستی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و كاتێك بۆ ریفراندۆم دیاری بكه‌ن، وه‌ك چۆن بۆ باشووری سودان و ته‌یمووری رۆژهه‌ڵات و مۆنتینیگرۆ له یۆگسلافیای پێشوو كردیان، ئه‌گه‌ر واده‌كه‌یان دیاریكرد و له‌وباره‌یه‌وه بڕیار له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ده‌رچوو، ئه‌وكاته سه‌ركردایه‌تی كوردستان له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌دا له بابه‌ته‌كه ده‌كۆڵێته‌وه".
ده‌رباره‌ی مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له كه‌ركووك، له نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبیدا، كه ئێستا له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌دان، پاش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق، پارێزگاری كه‌ركووكی له كار لاداوه، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود گوتوویه‌تی: "مه‌رامی حكومه‌تی عێراقمان پاش ئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش ته‌واو ده‌بێت خوێندووه‌ته‌وه كه هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه "كێشه له‌سه‌ره‌كاندا" بگرن، وه‌ك كه‌ركووك و خانه‌قین و شنگال، ده‌یانه‌وێت شه‌ڕمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، جا ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكرێت یان نه‌كرێت".
ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نێوان هه‌رێم له لایه‌ك و ئێران و توركیا له لایه‌كی دیكه‌وه به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود به رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه "توركیا و ئێران تا ئێستا هیچ شتێكیان نه‌كردووه و داخستنی سنووریش به دوور ده‌زانین، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌یان له كوردستان هه‌یه، من ئێستا كه به ته‌له‌فۆن قسه له‌گه‌ڵ ئیوه ده‌كه‌م، له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێرم و به‌ره‌و ئه‌نقه‌ره ده‌چم، چونكه بانگهێشتكراوم بۆ كۆنفرانسێكی تایبه‌ت له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه".