ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران داوای پڕۆژه‌بودجه‌ی 2020 له‌ كازمی ده‌كات

تا 10 رۆژی دیكه‌ ده‌بێت بگاته‌ نوێنه‌ران
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

مەرجە لەسەر حکوومەتی عێراق کەمتر لە 10 رۆژی دیکە، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020ی عێراق رەوانەی پەرلەمان بکات، پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێن، خواستی حکوومەت پەسەندکردنی پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەکییە، کە تاکە رێگرە لە بەردەم ناردنی پرۆژە یاسای بودجە گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حکوومەتی عێراق دەیەوێت پرۆژەی وەرگرتنی قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی، بکاتە جێگرەوەی پرۆژە یاسای بودجە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی خواستی زۆرینەی فراکسیۆنەکانە.

سووربوونی حکوومەتی عێراق لەسەر وەرگرتنی قەرزی ناوخۆی و دەرەکی، کێشەی سەرەکی بەردەم ناردنی پرۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان، چونکە حکوومەت دەیەوێت بە پەسەندکردنی یاسای ئەم جۆرە قەرزە، خۆی لەو قەیرانە دەرباز بکات کە بەھۆی کۆرۆنا بەرۆکی گرتووە، ھەرچی لیژنەی دارايی پەرلەمانی عێراقە پێی وایە، ئەگەر پرۆژە یاسای بودجەی 2020 نەگاتە پەرلەمان، ھێندەی دیکە قەیرانەکە گەورەتر دەبێت و بەھۆی نەزانینی حیسابی کۆتایی ساڵ گەندەڵی زیاتر دەبێت.

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی کۆتایی بۆ یاسای قەرزکردنی ناوخۆی و دەرەکی كردووه‌، بێ ئەوەی پەسەند بکرێت چونکە دژەکانی ئەو یاسایە لە پەرلەمان زۆرن، چونکە فراکسیۆنەکان دەیانەوێت لە شوێنی پەسەندکرنی پرۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز، حکوومەت پەلە بکات لە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە، ئەمەش بووه‌تە بڕیار و بە دەنگی رەھای پەرلەمانتاران پەسەند کراوە.