تەندروستی سلێمانی: مەترسییەكان جددین
K24 - سلێمانی
جێگری بهڕێوهبهری تهندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا جددین و پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و باوەڕ بە میدیای نافەرمی نەكەن.
د. هێرش سەید سهلیم، جێگری بهڕێوهبهری تهندروستی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھۆكاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بەم خێراییە، ئەوەیە كە سەرچاوەكە نادیارە، بەڵكو بە نیشانەكان دەزانرێت كە ھەڵگری ڤایرۆسەكەن، ھەر ئەمەش ھۆكارە بۆ زیادبوونی ژمارەی گیان لەدەستدان".
گوتیشی: "ئێستا ستراتیژەكەمان گۆڕیووە، شوێنمان بۆ ئەو نەخۆشانە دابینكردووە كە نیشانەیان لێدەرنەكەوتووە، لەكاتێكدا كە نیشانەیان لێدەركەوت دەیانگوازینەوە نەخۆشخانەكان، ئەوانەشی كە نیشانەیان لێدەركەوتووە بەسەر سێ نەخۆشخانە دابەشكراون و لەژێر چاودێری پزیشكیدان، لەم دواییەدا 218 كەس وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری سلێمانی تۆمار كراون".
لەبارەی پێداویستی تەندروستی بۆ تووشبووان د. ھێرش، گوتی: "تائێستا كێشەی پێداویستی تەندروستیمان نییە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە تەشەنە بكات و بودجەی تایبەتمان بۆ دابین نەكرێت بێگومان تووشی قەیران دەبین".
جێگری بهڕێوهبهری تهندروستی سلێمانی، راشیگەیاند: "مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا جددین و نابێ ھاووڵاتییان گوێ بە میدیای نافەرمی و فەیسبووكەوانەكان بدەن، كە بە كەیفی خۆیان دۆخەكە شەن و كەو دەكەن و بەبێ بەڵگەی زانستی و مەیدانی قسە دەكەن، ئێمە لەناو كارەكەداین و ھەست بە مەترسی دەكەین، وەك ئەركێكی پیشەیی و مرۆیی زانیاریی و ئامارەكان بڵاودەكەینەوە، ھیوادارم ھاووڵاتییان ئەو گومانە بڕەوێنەوە كە لەبارەی كۆرۆنا دروستكراوە و دەست بكەنەوە بە خۆپارێزی، وەك پێشتر كە لە پشتمان بوون و توانیمان بۆ چەند ھەفتەیەك دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەین، بەو ھیوایەی ئەمجارەش بتوانین بە زوویی كۆنترۆڵی بكەین".