خزعەلی بە مەرج پاڵپشتی لە ریفراندۆم دەکات

"ریفراندۆم مافێکی دەستوورییە"

K24 - ھەولێر

ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلولحەق رایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم مافێکی دەستوورییە.

قەیس خزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسایب ئەهلولحەق روونیکردەوە، پاڵپشتی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، بە مەرجێک دەوڵەتەکە دەوڵەتێکی (دیفاکتۆ) نەبێت.

ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلولحەق رایگەیاند، کورد پێیان وایە نەتەوە و گەلێکی جیاوازن، ئێمە پاڵپشتیان دەکەین، بەڵام دەبێ ئەم هەنگاوانە بە گوێرەی دەستوور دابڕێژرێن، نەک بە سیاسەتی (دیفاکتۆ).

خزعەلی، داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات، بە گفتوگۆ ناکۆکییەکانی ماددەی 140 چارەسەر بکەن.