وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان: بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە

وێستگەیەکی کارەبا
وێستگەیەکی کارەبا

K24 – هەولێر:

هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە: بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە: ستافی هەردوو وەزاررەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) ڕەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکی کاتژمێر 6:45ـی ئێوارە لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.