ناتۆ لە رێگەی سەنتەرێکەوە بەرەنگاری کۆرۆنا دەبێتەوە

كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەڕێوەدەچێت

K24 - برۆکسل

گەورەترین رێکخراوی سەربازیی لە جیھاندا کە ناسراوە بە ناتۆ، دەیەوێت لە رێگەی سەنتەری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان EADRCC رێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بەجیھان دا.

ئەمڕۆ لە رێگای ڤیدیۆکۆنفرانس کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەرێوەدەچێت و ینس ستولنبێتگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە برۆکسلەوە سەرپەرشتی کۆبونەوەکە دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا 30 وەزیر بەشداری دەکەن، باکوری مەسەدۆنیا کەتازە بووەتە ئەندام بەھەمان شێوە وەزیرەکەی بەشدار دەبێت. جیاوازی لەنێوان ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا ئەوەیە لە ناتۆدا وڵاتانی زلھێزی وەکو ئەمەریکا و کەنەدا و بەریتانیا ئەندامن.

ئامانجی کۆبوونەوەی ئەم رێکخراوە سەربازییە، بۆ ئەوەیە وڵاتانی ئەندام لەم رێکخراوەدا یارمەتی یەکتر بدەن لە رووی پێداویستی خۆراک و پزیشکییەوە.

ھەروەھا گواستنەوەی پێداویستییە خۆراکی و پزیشکییەکان لە رێگای بەکارھێنانی فڕۆکەکە و کەشتی و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ناتۆ.

بڕیارە کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بۆسەر  چالاکی و راھێنانەکانی ناتۆ لە عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.