شرۆڤه‌كارانی بیانی: مه‌سرور بارزانی كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووه‌

"یه‌كه‌مبوونی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هێزی ئه‌و حزبه‌ ده‌سه‌لمێنێت"

K24- هه‌ولێر:

شرۆڤەکارانی سیاسی بە گرینگییەوە باس لە کاندیدبوونی مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن. پێیانوایە، حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان ئەرکی قورسی لە ئەستۆیە، بەڵام سەرکەوتنی مەسروور بارزانی و توانا و لێھاتوویی لە ئەرکەکانی پێشووی، ئەو باوەڕەی لای سیاسیەکان دروستکردووە، کە لە ئەرکە نوێیه‌کەشیدا حکومەتێکی بەھێز پێکدەھێنێت. سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایی کورد و ژاپۆنیش پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات و بە پێویستی دەزانێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی خۆی لە ژاپۆن بکاتەوە.

له‌كاتێكدا پارتی دیموکراتی کوردستان مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچێرڤان بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم بەربژێر کردووه‌، جۆناسان سپایێر، بەرێوەبەری سەرنتەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئۆرشەلیم دەڵێت: "سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە حیزبی یەکەم لە ھەڵبژاردنەکانی دوای ریفراندۆم لە عێراق و کوردستان بەھێزی پارتی دەسەلمێنێت".

له‌مباره‌یه‌وه‌ سپایێر دووپاتیكرده‌وه‌، "مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی چەندین ساڵە وەک کارەکتەری بەھێز لە گۆڕەپانی سیاسەتی ھەرێمی کوردستاندا دیارن. سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکانی دوای ریفراندۆم جێی رامانە. ئەمە توانای ئەم پارتە دەردەخات".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كینشیتا ئاكینۆبوو، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان - ژاپۆنیش داوا دەکات، حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی کردنەوەی نوێنەرایەتییەک لە تۆکیۆ، پێوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆن بەھێزتر بکات.

ئه‌و پیرۆزبایی له‌ كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکەم. پێموایە دەبێت پێوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو پێش بکەون. لەم روانگەیەوە دەبێت کار بکرێت بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتیی فەرمیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ژاپۆن. ئێمە نوێنەرایەتییەکمان لە ھەوڵیر ھەیە و بە ھەمان شێوە پێویستە کوردستانيش نوێنەرایەتیی لە تۆکیۆ ھەبێت".

سەرکەوتن و تواناکانی مەسروور بارزانی لە ئەرکەکانی پێشووی شارەزایانی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوە گەیاندوەتە باوەرێک, كه‌ پێشبینی پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و جێبەجێکردنی دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن, کە بنیادنانی کوردستانێکی بەھێزە.

H.B